پەیمانگایەکی ئەڵمانی لێکۆڵینەوەی مێژوونوسێکی کورد پشتڕاست دەکاتەوە

964+

فەهمی نەبی

مێژوونوسێکی کورد دەڵێت، پەیمانگایەکی ئەڵمانی لەبواری پەرەسەندن، سەرەتای پەرەسەندنی زمانی هیندۆ ئەوروپییەکانی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کوردستانی ئەمڕۆیە، ئەمەش هاوڕێکە لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە کتێبێکی خستویەتییە روو.

سۆران حەمەڕەش، مێژوونوسی کورد بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لە کتێبەکەم لەبارەی مێژووی کورد بەتەواوی گەیشتووم بەو دەرئەنجامەی زمانی هیندۆ ئەوروپییەکان سەرەتا لە کوردستان سەریهەڵداوە، ئەو پەیمانگایەش هەمان ئەو تێڕوانینەی پشتڕاستکردووەتەوە”.

ئەو پەیمانگایەی لێکۆڵینەوەکەی بڵاوکردوەتەوە ناوی پەیمانگای MPI Evolutionary Anthropology ، کاردەکات لەسەر مێژووی رەچەڵەکی مرۆڤ و پەرەسەندنی زمان و کلتور و هۆکارەکانی دیکەی پەیوەست بە گەشی مرۆڤ.
سۆران حەمەڕەش دەڵێت، لێکۆڵینەوەی ئەو پەیمانگایە دەریخستووە، سەرهەڵدانی زمانی هیندۆ ئەوروپییەکان بۆ سەرووی ناوچەی (کەوانەی بەپیت) دەگەڕێتەوە، ئەم ناوچەیەش ناوچەکانی کوردستانن.

کەوانەی بەپیت، لەبری دەستەواژەی لانکەی شارستانییەت بەکارهاتووە، لە ناوچەکانی کەنداوی فارس دەستپێدەکات، بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس هەڵدەکشێت تا دەگاتە چیای ئاگری، بەرەو رۆژئاوا تا دەگاتە دەریای ناوەڕاست، لەوێوە بۆ کەناراوەکانی ئیسرائیل، فەلەستین، لوبنان و دەگاتە میسر.

بەوتەی سۆران حەمەڕەش، “پەیمانگای MPI بەشی سەرەوەی کەوانەیی بەپیت دەستنیشان دەکات کە زمانی هیندۆ ئەوروپییەکانی لێیەوە سەرهەڵداوە، ئەمەش هاوڕێکە لەگەڵ ئەو ئەنجامەی لە کتێبی “مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد” پێیگەیشتووم”.

زمانی هیندۆ ئەوروپی، مەبەست لێی ئەو خێزانی ئەو زمانانەیە، کە دابەشی دوو کۆمەڵە دەبن، ئەوایش کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی کە کۆمەڵەی ئێرانی و کۆمەڵەی هیندی لەخۆدەگرێت، کۆمەڵەی رۆژئاوایش هەریەکە لە زمانەکانی جەرمەنی، سلاڤییەکان، لاتینیەکان، یۆنانی و کەڵتی لەخۆدەگرێت.

لێرە دەتوانن خوێنەری لێکۆڵینەوەکەی پەیمانگای MPI بن.

بەرگی کتێبەکەی سۆران حەمەڕەش

+964صورة من منصة (شبكة):