بە کورتی و بە کوردی
هەموو ئەوەی ئەمڕۆ سودانی وتی لێرەیە
964+
فەهمی نەبی
لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 31ی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاردران، لەوانە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم و راگەیاندنی دەستگیرکردنی تۆڕێک لە هەولێر کە یارییان بە نرخی دۆلار کردووە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ شایستە داراییەکانی هەرێممان ناردووە، هاوکات رۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم وەردەگرین و رێککەوتنەکەی نێوانیان وەک خۆی بەڕێوەدەچێت.
سەرۆک وەزیران دەڵێت، تۆڕێکی یاریکردنی دۆلاریان لە هەولێر دەستگیرکردووە، ئەو کەسانە یارییان بە نرخی دۆلار کردووە، بە وتەی سودانی ئەوان تۆڕێکی گەورە بوون و بە یارمەتی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم دەستگیرکراون.
سودانی دەڵێت، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیریان کردووە، لە ساڵی 2021 بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرابوو، زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچوو بوو، بەڵام دوای ساڵێک ئازاد کرابوو.
هاوکات سودانی ئەوەشی وت، ئێستا هەموو جوڵەیەکی دۆلار و یاریکردن بە دۆلار دیارە و بە ئاسانی دەردەکەوێت، ئەوان توانیویانە رێکاری پێویست بۆ 40 کۆمپانیا رێکبخەن، بۆ ئەوەی بێنە ناو سیستمی بانکی بە شێوەیەکی ئاگادار، هاوکات ئەو لێدوانانەی لەبارەی دۆلار دەدرێن هیچی راست نین، جگە لە لێدوانی بانکی ناوەندی، ئەم لێدوانانە هۆکاری بەرزی و نزمی دۆلارن.
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە پێنج ملیار دینار بۆ یارمەتی سندوقی خانەنشینی هونەرمەندان تەرخان بکات، ئەمەش بۆ لەبەرچاو گرتنی خراپیی ژیانی هونەرمەندان لە عێراق، سودانی وای وت.
بە پێی قسەکانی سەرۆک وەزیران، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، بەیانی رۆژی چوارشەممە، کۆبونەوەیەکی گرنگ لە نێوان هێزە سیاسییەکان و لیژنەی هونەری وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێم لە بارەی یاسای نەوت و غاز بەڕێوە بچێت، هاوکات بڕیاردراوە ئەم هەفتەیە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە بڵاوبکرێنەوە.
لە بەشێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، کێشەکانی کارەبای باس کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا دابینکردنی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە زیاتر دەبێت و لەم هەفتەیەدا گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای چینی و نەرویجی دەکەن و رێکارەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دەستیپێکردووە.
لەبارەی شایستە داراییەکانی ئێران، سودانی وتی، بڕی ئەو پارەیەی لە بەرامبەر دابینکردنی غاز کە عێراق دەبێت بیداتەوە بە ئێران، نۆ ملیار و 250 ملیۆن یۆرۆیە، لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا عێراق ملیارێک و 842 ملیۆن یۆرۆی داوەتەوە ئێران، سودانی دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکییەکان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی پارەی غاز بدەنەوە ئێران.
سودانی دەڵێت، ئەو بڕیارەی سەبارەت بە 14 بانکەکە سزا نییە، ئەمانە رێکارن لەمێژە هەن، کە بۆ حکومەتی رابردوو دەگەڕێتەوە.