مێرکاتۆی کوردستان دەستپێدەکات

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، واده‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی له‌ خوله‌كانی كوردستانی بۆ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ دیاریی كرد.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان، له‌ دواكۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا، كه‌ ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ ١١ی كانوونی یه‌كه‌م ئه‌نجامی دا، بڕیاری دا ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی یاریزانان دیاریی بكات، كه‌ له‌ ٨-١-٢٠٢٣ ده‌ستپێده‌كات و له‌ ١ی شوباتی داهاتوو کۆتایی دێت.

فیدراسیۆنه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕ و سۆشیالی میدیای فه‌رمیی خۆیه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، ئه‌و كاته‌ی دیاریكراوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانانه‌ له‌ یانه‌كانی هه‌ردوو خولی پله‌ نایاب و پله‌ یه‌ك.

له‌ هه‌ر وه‌رزێكی خوله‌كانی كوردستاندا، وه‌ك خوله‌كانی جیهان، دوو ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ هاوین و زستاندا هه‌یه‌.

له‌ یانه‌كانی كوردستاندا هه‌ر یانه‌یه‌ك بۆی هه‌یه‌ دوو یاریزانی پیشه‌گه‌ر بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.

رەزامەندی درا بە بەشداریکردنی یانەی پەروەردە لە خولی پلە دووەکانی کوردستان

فیدراسیۆنی كوردستان بۆ تۆپی پێ، هه‌ر له‌ دواكۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا چه‌ند بڕیارێكی دیكه‌شی داوه‌، له‌وانه‌ رەزامەندی درا بە بەشداریکردنی یانەی پەروەردە لە خولی پلە دووەکانی کوردستان، هه‌روه‌ها ئەو راهێنەرانەی خاوەن بڕوانامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانن، دەتوانن لە خولەکانی پلە یەک و پلە دوو راهێنەرایەتی بکەن.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ساڵی ٢٠٠٦ دامه‌زراوه‌ و باره‌گای له‌ هه‌ولێره‌، سه‌رپه‌رشتی سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانیه‌تیی تۆپی پێی یانه‌كانی كوردستان ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ساڵانه‌ چه‌ندان خول بۆ پێشخستنی راهێنه‌ران و ناوبژیوانان و چالاكیی دیكه‌ش ئه‌نجام ده‌دات.