دوای 1421 ساڵ
ماربێن قەدیشا نوێدەکرێتەوە
+964
فەهمی نەبی
مەزاری ماربێن قەدیشا لە کۆیە، بە تەواوی کۆن بووە و شارەوانیی هەولێر بڕیاریداوە نۆێی بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، لەسەر ئەرکی وەزارەتی شارەوانی بڕیاریانداوە بە 81 مليۆن و 375 هەزار دینار مەزارەکە نۆژەن بکەنەوە.
کامەران ئەندراوس مەتی، سەرپەرشتیاری مەزاری ماربێن قەدیشا بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت، مێژووی ئەم مەزارە دیار نییە، بەڵام بە پێی ئاسەوارێک کە لە مەزارەکە هەبوو، 1421 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن کێخوا ئۆغەن نۆژەنکراوەتەوە، ئەمەش لەسەر بەردێک تۆمارکرابوو، بەڵام لە ساڵی 1988 حکومەتی بەعس تەقاندییەوە و ئەو بەردەش لەگەڵیدا لەناوچوو.
بە وتەی کامەران ئەندراوس، ساڵانە لە مانگی 10 رۆژێک خەڵکی هەرمۆتە مەزارەکەیان سواخ دەدا، ئەو مەزارە بۆ مەسیحیەکان شوێنێکی پیرۆزە، هەینی دوای جەژنی قیامە مەسیحیەکان لە هەموو عێراقەوە سەردانی دەکەن.
بڕیارە نۆژەنکردنەوەکە دوو مانگ بخایەنێت، لەگەڵیدا 350 مەتر پەرژینی بۆ دروست بکرێت، لەگەڵیدا 350 مەتر کۆنکریت و تاتان بۆ شوێنی یاریی منداڵان.
گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی شوێنی تایبەت بە یاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دروست دەکرێت، هاوکات رێگەی تایبەیشان بۆ دروست دەکرێت.
مەزاری ماربێن قەدیشا، دوو کیلۆمەتر دەکەوێتە دەرەوەی هەرمۆتە لە قەزای کۆیە، بە دیاریکراوی لە دامێنی چیای باواجییە.