جیهانێکی پڕ لە مەترسی بۆ پڵنگەکان
964+
پێشەوا محەمەد
پڵنگەکان کە بەسەر نۆ تووخمی جیاوازدا دابەش کراون، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە و رێکخراوی جیهانی پارێزگاری لە سروشت دەڵێت، پڵنگەکان هۆکارێکی سەرەکی هاوسەنگی سروشتن.
29.7.2023ـی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی پڵنگە. ساڵی 2010 لە کۆنگرەی پڵنگەکانی سانپترسۆرگ، روسیا، هیندستان و چین بەڵێنیان دا پڵنگەکان بپارێزن و ئەو رۆژەشیان وەک رۆژی جیهانی پڵنگ دیاری کرد.
پڵنگ یەکێکە لە چوار ئەندامە سەرەکییەکەی تیرەی پشیلەکان، بچووکترینیانە لە رووی قەبارەوە بەراورد بە سێ جۆرەکەی تر، کە شێر و پڵنگە بەڵەکی ئەمریکی و pantheraـیە، کە جۆرێکی دیکەی پڵنگە.
ئێستا پڵنگەکان لە ئەفریقا، هیندستان، چین، روسیا، مالیزیا، ئیندۆنیزیا و باشووری نیمچەدوورگەی عەرەب بڵاوبوونەتەوە.
کەی پەرەیان سەند؟
پڵنگەکان وەک سەرجەم ئەندامەکانی تری تیرەی پشیلەکان قسەی جیاواز لەبارەی پەرەسەندیانەوە هەیە لە لایەن زانستی زیندەوەرزانییەوە.
بۆچوونێک هەیە پەرەسەندنیان بۆ 11 ملیۆن ساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێنێتەوە.
بۆچوونێکی تر ئەوەیە، کە یەکەم تیرەی پشیلەکان لە ئاسیا دەرکەوتوون و دواتر هەموو تیرەکانیان بەرەو ئەفریقا کۆچیان کردووە. خاوەنانی ئەو بۆچوونە بڕوایان وایە، مێژووی گەشەی پڵنگە ئەفریقییەکان کەمترە لە یەک ملیۆن ساڵ و مێژووی بڵاوبوونەوەشیان بە ئاسیادا بۆ زیاتر لە 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
نۆ تووخمن
ساڵی 1996 بەپێی دوایین توێژینەوەکان پڵنگەکان بەسەر نۆ تووخمدا دابەش کراون، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر 27 تووخم بوون.
ساڵی 2001 ژمارەیەک زانا هەوڵێکیاندا بۆ دووبارە پۆلێنکردنەوەی تووخمەکانی پڵنگ، بەڵام تا ئێستا دابەشکردنەوەکەیان کاری پێنەکراوە و هەر لەسەر پۆڵێنە کۆنەکە توێژینەوە لەسەر پڵنگەکان دەکرێت.
درێژی پڵنگ لەنێوان 125 بۆ 165 سانتیمەردایە و درێژی کلکیشی لەنێوان 60 بۆ 110 سانتیمەتردایە. بەرزیان لەنێوان 45 بۆ 80 سانتیمەتردایە و نێرەکان بە رێژەی 30% لە مێیەکانیان گەورەترن.
سێ جۆریان بە تەواوەتی لەناوچوون
سێ جۆری پڵنگ لە جیهاندا بەتەواوەتی لەناوچوون، توێژینەوەکان دەڵێن تەواوی جۆرەکانی تریشیان بە رێژەی 95% کەمبوونەتەوە.
ئەوانەی لەناوچوون بریتین لە پڵنگی بالی، قەزوینی و جاوی.
هەندێکی تریان وەک پڵنگی سوماتران و مالیزی تەنیا 500 بۆ 800 دانەیان لە جیهاندا ماوە.
رێکخراوی جیهانی پارێزگاری لە سروشت هۆکاری کەمبوونەوە و لەناوچوونیانی بۆ راوکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو شوێنانەی نیشتیمانی پڵنگەکان بووە لە لایەن مرۆڤەکانەوە گەڕاندووەتەوە.
بۆچی گرنگە پڵنگەکان بمێنن؟
لە رۆژی جیهانی پڵنگدا وڵاتان هۆشیاری بۆ پاراستنیان بڵاودەکەنەوە. بەتایبەت لە پرسی بازرگانیکردن بە بەرهەمەکانی پڵنگەوە، کە بە هۆکاری سەرەکی راوکردنیان دادەندرێت لە جیهاندا.
لە رۆژی جیهانی پڵنگدا لە بوواری پەروەردە، گەنجان و بوودجە لە وڵاتانەوە کاردەکرێت بۆ پاراستنیان و کەمکردنەوەی مەترسی لەناوچوونیان.
رێکخراوی جیهانی پارێزگاری لە سروشت، پڵنگی وەک یەکێک لەو ئاژەڵانە پۆڵێن کردووە، کە بۆ هاوسەنگی ژینگەیی گرنگییەکی گەورەیان هەیە.