کۆمپانیاکە داوای دوو ملیۆن دۆلار لە حکومەت دەکات

رانییە نۆ ساڵە چاوەڕێی تەواوکردنی نیوسایدەکەیەتی

+964


مەجید بیتوێنی – رانیە

وێنە و ڤیدیۆ

نۆ سالە ٣٢ دوکان بوونەتە رێگر لەبەردەم تەواوکردنی دووسایدی ناو بازاڕی رانیە، دوکاندارەکان ئامادەنین چۆڵی بکەن و کۆمپانیای جێبەجێکەریش کەوتووەتە ژێر قەرزو بۆی تەواو ناکرێت.


+964 دەزانێت، پڕۆژەی دووسایدکردنی ناو بازاڕی رانیە لە ساڵی ٢٠١٣ـدا، بە بەهای دوو ملیۆن ٨٠٠ هەزار دۆلار بە درێژایی هەزار و ٢٠٠ مەتر لە لایەن کۆمپانیای سەرمۆردەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوکاتەوە تا ئێستا ٢٥٠ مەتری ماوە تەواو بکرێت.


بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی +964 لە ئەندازیار و کارمەندانی کۆمپانیای جێبەجێکارەوە وەریگرتووە، کۆمپانیای جێبەجێکار ئێستا نزیکەی ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار قەرزاری ئەو کەسانەیە کاریان بۆی کردووە، بەو هۆیەشەوە کارەکانی راگرتووە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمپانیای سەرمۆرد قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ، هەر قەرزاری کۆمپانیایەکە کێشە نیە، بەڵکو ٣٢ دوکانی سەر شەقامەکەش بەو قەرەبووە رازی نین، کە کاتی خۆی حکومەتی هەرێم بۆی دیاریکرد بوون، بۆیە تا ئێستا خاوەنەکانیان ئامادە نین دوکانەکانیان چۆڵ بکەن.


نوێنەری کۆمپانیاکە دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شەقامەکە و دانەوەی قەرزەکانیان پێویستیان بە دوو ملیۆن دۆلارە حکومەتی هەرێم بۆیان خەرج بکات.
+964 لە ئیدارەی دەڤەرەکەوە دەزانێت، نزیکەی ٢٠٠ دوکانی سەر ئەو شەقامە بەر دووسایدەکە کەوتوون و بە بەهای پێنج ملیار دینار و زیاتر لە ١٠٠ پارچە زەوی دیکە قەرەبوو کراونەوە، بەڵام خاوەنی ئەو ٣٢ دوکانە کە ماونەتەوە داوای قەرەبووی زیاتر دەکەن.


“بەمزوانە لیژنەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە بۆ بەدواداچوونی کێشەی دووسایدکردنەکە سەردانی رانیە دەکەن”، دلاوەر قوباد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین تەنیا ئەوەندەی بە +964 وت، لەبارەی ئەو پرسە.


+964 زۆر هەوڵیدا شارەوانی رانیە لەسەر ئەو بابەتە بدوێنێت، بەڵام ئامادەی قسەکردن نەبوون.