کارەبای نیشتیمانی لە چەند پارێزگایەکی عێراق پچڕاوە

964+

کاروان ساڵحی

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی بەکر لە پارێزگای بەسرە کارەبای نیشتیمانی لە چەند پارێزگایەکی عیراق  پچڕاوە و پارێزگای کەرکوکیشی تێدایە.

لە ئێستادا شاری کەرکوک تەنیا 200 مێگاوات کارەبای نیشتیمانی هەیە ئەوەش لە وەبەرهێنرەرێکی کوردستان بە ناوی ئەحمەد ئیسماعیل کڕدراوە.

لە کاتژمێر 12:45 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە کارەبا نیشتیمانی لەهەریەک لە پارێزگاکانی کەرکوک، بەغدا، موسڵ، بەسرە، کەربەلا، نەجەف و زیقار بە تەواوی پچڕاوە و تیمەکانی چاکردنەوەی کارەبای لە پارێزگای بەسرا سەرقاڵی چاکردنەوەن و بە وتەی بەرپرسانی کارەبا پێدەچیت ئێوارەی ئەمڕۆ بە تەواوی چاک بکرێتەوە.

غەسان رەزوانی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دابەش کردنی کارەبای ناوجەی باکور بە 964ـی وت، تیمەکان سەرقاڵی چاکردنەوەی وێستگەکەی پارێزگای بەسرەن هەر کات چاک بکرێتەوە کارەبای پارێزگاکانی دیکە کێشەی نامینێت.

وتیشی ئەو 200 مێگا کارەبایەی هەرێم وەکو هێڵی فریاکەوتن دراوە بە نەخۆشخانەکان و بەنیدخانەی تەسفیرات و دامودەزگا ئەمنی و سەربازیەکانی شارەکە.

شاری کەرکوک پێویستی بە 1200مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت 24 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بدات بە هاوڵاتیان، بەڵام لە ئێستادا کەمتر لە 800 مێگا کارەبا دەگاتە شارەکە ئەوەش وادەکات لە رۆژێکدا نزیکەی 14 کاتژمێر کارەبای بدرێت.