سبەی چوار زیندانی شیلادزی ئازاد دەکرێن

964+

عەمار عەزیز + توانا نەقی

ئەگەرچی دەبوو ئەمڕۆ چوار زیندانی دۆسیەی رۆژنامەنووسان و  چالاکوانانی بادینان ئازاد بکرێن، بەڵام بەهۆی هەڵەیەکی کارگێڕی لە گرتووخانە مانەوەو سبەی ئازاد دەکرێن.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان بە 964+ـی راگەیاند؛ بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی یەکەم، چوار لە زیندانیانی شیلادزێ بەناوەکانی (یوسف شەریف، کۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع، مەحمود ناجی) ئازاد بکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوی مەحمود کرابووە محەمەد، تا ناوەکە راستکرایەوە دەوام کۆتایی هات، ئەمەش وایکرد ئازادکردنەکەیان دوابخرێت بۆ سبەی.

بەشدار حەسەن زیاتر وتی “لە دۆسیەی گیراوانی شیلادزێ، کە ژمارەیان پێنج کەس بوو، تەنیا ئەمجەد یوسف دەمێنێت و ئەویش سێشەممە، واتە دووسبەی ئازاد دەکرێت”.

زیاتر وتی “بە دڵنیاییەوە ئەمجارە هەر پێنج یان ئازاد دەکرێن چونکە هەرسێ دادوەر ئیمزایان لەسەرکردووە وهیچ کێشەیەکیان نەماوە”.

 964+ دەزانێت، یوسف شەریف و مەحمود ناجی لە (٨/١٢/٢٠٢٠) دەستگیرکرا بوون، هەرچی کوڤان تاریقە لە (٩/١٢/٢٠٢٠) و نێچیرڤان بەدیع لە (١٠/١٢/٢٠٢٠) و ئەمجەد یوسف لە(٣/١٢/٢٠٢٠) دەستگیرابوون.

بەشدار حەسەن وتیشی”ئەم پێنج کەس زیاتر لە دوو ساڵە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ بەڵگەیەک و شاهدێک نیە کە ئەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵیان پشت ڕاست بکاتەوە”

ناجی مەحمود، باوکی  مەحمودە دڵخۆشە بە ئازادکرنی کورەکەی بە 964+ـی وت ”زیاتر لە دوو ساڵە کورەکەم زیندانیکراوە تا ئێستا نازانم لەسەرچی گیراوە، ئەو تۆمەتانەی خراوەتەپاڵ کوڕەکەم و هاورێیەکانی دوورن لە راستی، دەبوایە پێش دوو ساڵ ئازاد کرابان چونکە ئەوانە هیچ تاوانێکیان نەکردووە”.

ناجی مەحمود وتیشی ”تیمی پارێزەران ئاگاداریان کردمەوە کەوا سبەی چوار لە زیندانیانی شیلادزێ ئازاد دەکرێن، کوڕەکەم لەگەڵیاندایە، هیوادارم جارێکی تر هیچ کەسێک بەتۆمەتی ناڕاست و ساختە زیندان نەکرێت”.