پەت لە ملی ئاڵاوە و بەهۆیەوە خنکا

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

دوانیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە، منداڵێک لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی پەت لە ملی ئاڵاوە و لەدوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، منداڵەکە تەمەنی ١٠ ساڵە و ئەو پەتەی کە لە ملی ئاڵاوە بۆ هەڵواسینی مغەزی بەکارهاتووە لە ماڵی خۆیان.

بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، ژنێکی خانەنشین کە مێردەکەی نەماوە و دوو کوڕی ھەبووە، یەکێکیان نەخۆش بووە و ئاویان بۆ ھەڵواسیوە لە ماڵەوە، دایکەکە منداڵە ١٠ ساڵانەکەی ناردووە بۆ قوتابخانە و منداڵەکەی دیکەی بردووە بۆ نەخۆشخانە، دوانیوەڕۆ کاتێک گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە بینیویانە ئەو پەتەی ئاوەکەیان پێ ھەڵواسیوە لە ملی کوڕە ١٠ ساڵانەکە ئاڵاوە.

منداڵەکە لەدوای یەک رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وای وت.

پۆلیس دەڵێت لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەکەن، تاوەکو بزانن بە چ شێوەیەک پەتەکە لە ملی منداڵەکە ئاڵاوە.