لە سلێمانی

دژەتیرۆر دەڵێت دوو بازرگانی مادەی هۆشبەری دەستگیرکردووە

964+
ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ دووشەممە لە ئۆپراسیۆنێکدا دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر بە 57 کیلۆگرام مادەوە دەستگیرکراون، بە قسەی هێزە ئەمنیەکان لە دەڤەری سلێمانی.

لە راگەیەندراوێکدا هاتووە، ئۆپراسیۆنەکە لە لایەن ھێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و ھێزی ئۆپراسیۆنی سەر بە دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کراوە.

“تۆمەتبارەکان دەستبەجێ رادەستی یاسا کران بە مەبەستی سزادانیان”، راگەیەندراوەکە وا دەڵێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بەوەی ئەو تۆمەتبارانە بە دیاریکراوی لە کام ناوچەی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و پێشینەیان چی بووە.

لە شەش مانگدا 478 کەس لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیرکراون

رۆژی 13ـی ئەم مانگە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی ئاماری شه‌ش‌ مانگى رابردووى ده‌ستگیركردنى بازرگانانى ماده‌ى هۆشبه‌رى بۆ 964 ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، لەو ماوەیەدا 478 کەس لەسەر مامەڵە و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.

لەو ژمارەیە، 93 کەسیان بازرگان بوون و 385یان بەکارهێنەر.

ئامارەکەی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی گوزارشت لە نێوان 1.1.2023 بۆ 30.6.2023 دەکات، کە لە چالاکییەکانیدا لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین ئەنجامیداون.