لە بالەی کچانی عێراقدا سلێمانی لە ئافرەتانی هەولێری بردەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە چوارەم رۆژی رکابەرییەکانی بالەی کچانی عێراق و لە گرنگترین یاری ئەمرۆدا، یانەی سلێمانی شکستی بە ئافرەتانی هەولێر هێنا و گەیشتە قۆناغی چوارگۆشەی زێرین.

بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی بالەی عێراق و لەنێو هۆڵی شێرکۆ فارس، بە بەشداری 11 یانە کە دابەشی سەر دوو کۆمەڵە کراون، یارییەکانی پاڵەوانیەتییەکە درێژەی هەیە.

لە کۆمەڵەی یەکەم یانەی ئافرۆدێت بەهۆی ئامادەنەبوونی شۆریجە، بە سێ سێتی بێ وەڵام بە براوە دانرا، لە یارییەکی تری هەمان کۆمەڵەدا یانەی ئەکاد بەسێ سێتی بێ وەڵام لە سەرچناری بردەوە و بەم شێوەیەش هەردوو یانەکانی ئافرۆدێت و دەربەندیخان گەیشتنە قۆناغی چوارگۆشەی زێرین.

بەرێز عەلی، راهێنەری یانەی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، وەک قۆناغی یەکەم یارییەکان ئاستی بەرزی بەخۆوە بینی و ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەشکرێک لە کچە یاریزانی بەرز بونیان هەیە کە لە داهاتوودا ئاستی ئەم یارییە بەرزتر بکەنەوە.

وتیشی، وەک کچانی یانەی دەربەندیخان ماوەیەکە ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە کە دەبوو ئەوان میوانداری پاڵەوانێتییەکە بکەن، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێک یارییەکان خرانە شاری سلێمانی.

لە درێژەی یارییەکانی چوارەم رۆژی پاڵەوانیەتییەکە و لە کۆمەڵەی دووەم، یانەی تەقتەق بە سێ سێت بەرامبەربە سێتێک سەرکەوت بەسەر قەرەقوشدا و هیوایەکی بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بۆ گەڕایەوە، لە دوا یاریشدا کە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی پاڵەوانیەتییەکە بوو، کچانی یانەی سلێمانی بە سێ سێتی بێ وەڵام شکستیان کردە نسیبی ئافرەتانی هەولێر و بەو ئەنجامەش یانەی سلێمانی گەیشتنی بە قۆناغی چوارگۆشەی زێرین مسۆگەر کردوو بلیتی دووەمی کۆمەڵەکەی جێهێشت بۆ یانەکانی تەقتەق و ئافرەتانی هەولێر.

پێداچوونەوە: توانا نەقی