پاڵەوانیەتی بۆکسێنی کچانی عێراق هەڵوەشایەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

پاڵەوانیەتی بۆکسێنی کچانی یانەکانی عێراق بۆ ئاستی بێچووەشێران هەڵوەشایەوە.

بڕیاربوو لە شاری سلێمانی، شانبەشانی پاڵەوانیەتی بۆکسێنی تازەپێگەیشتوانی کوڕانی یانەکانی عێراق، پاڵەوانیەتی بێچووەشێرانی کچانیش ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی یانەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق پاڵەوانیەتییەکە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.

بڵند مەحمودی راهێنەری تیمی کچانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە 964ـی وت، ماوەی مانگێکە خۆیان بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە ئامادە دەکەن و چاویان لە بەدەستهێنانی نازناوەکە بووە.

وتیشی، بەهۆکاری ئەوەی کە نەیاندەتوانی رکابەری تیمەکەیان بکەن، هیچ یانەیەکی ناوەراست و باشوری عێراق ئامادەی پاڵەوانیەتییەکە نەبوون، بەو هۆکارەش پاڵەوانیەتییەکە دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.

بڕیاربوو لە رۆژانی 20 تا 24 ـی ئەم مانگە و لەشاری سلێمانی، پاڵەوانیەتی بۆکسێنی بێچووەشێرانی کچانی یانەکانی عێراق بە بەشداری 10 یانە بەرێوەبچوایە، بەڵام ئامادەنەبوونی 9 یانە بووە هۆکاری دواخستنی پاڵەوانیەتییەکە.

ثیداچوونەوە: توانا نەقی