تاکسی فڕیو پەیدا دەبێت
964+
ئەحمەد عەبدوڵا
دوور نییە چەند ساڵێکی تر لە وڵوبەوە بە فڕۆکە بچیتە هەواری شار یانیش لە لای قەڵاوە بە فڕۆکە بچیتە پارکی شانەدەر چونکە کۆمپانیایەکی بەرازیلی پلانی وایە بۆ ساڵی 2026 فڕۆکەی بچووک ئامادە بکات و وەک تاکسی بەکاریان بهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لەناو شارەکاندا.
کۆمپانیای ئیمبرایر دەڵێت لقێکی کۆمپانیاکەیان بە ناوی Eve کارگەیەکی نوێ لە نزیک ساوپاولۆی وڵاتی بەرازیل دروست دەکات بۆ بەرهەمهێنانی تاکسی فڕیو و کار بۆ ئەوە دەکەن لە ساڵی ٢٠٢٦ فڕۆکە تاکسییەکانیان ئامادەبن بۆ فڕین.
تاکسییە فڕیوەکە، لە فڕۆکەیەکی بچووک دەچێت و شوێنی پێویستی بۆ شەش کەس دەبێت.
پێشبینی دەکرێت نرخی گەشتێکی تاکسییە فڕیوەکە 50-100 دۆلار بێت.
تاکسییە فڕیوەکە پێویستی بە رێڕەوی فڕین نابێت دەتوانێت لە شوێنی خۆی بەرزبێتەوە.
تاکسییە فڕیوەکان یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە شارە گەورەکاندا، هەروەها وەک شوێنگرەوەیەکی بارهەڵگر بۆ گواستنەوەی باری سوک و مامناوەند سوودیان لێ دەبیندرێت.
کارگەکە لە شاری تاوباتێ دروست دەکرێت کە نزیکەی ١٤٠ کیلۆمەتر لە ساوپاولۆی پایتەختی ئابووری بەڕازیلەوە دوورە.
ئاژانسی هەواڵی AFP دەڵێت گەشتەکانی سەرەتا فڕۆکەوانیان دەبێت بەڵام دواتر تاکسییە فڕیوەکان پەرەیان پێدەدرێت تا بتوانن بێ فڕۆکەوان گەشتەکان ئەنجام بدەن.
تاکسییە فڕیوەکان 100% کارەبایی دەبن و ئەمەش وا دەکات بە تەواوی دۆستی ژینگە بێت.
کۆمپانیای ئیمبرایر لە ساڵی 1969 لە وڵاتی بەرازیل دامەزراوە، کاری سەرەکییان دروستکردنی فڕۆکە و هەلیکۆپتەری بچووک و مامناوەندە، وەک لە وێبسایتەکەیان ئاماژەی پێدراوە سێیەم گەورەترین کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەن.