لە دووەم رۆژی رکابەرییەکان سلێمانی لە قەرەقوشی بردەوە

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە دووەم رۆژی رکابەرییەکانی پاڵەوانیەتی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق و لە بەهێزترین یاریدا، یانەی سلێمانی سەرکەوت بەسەر قەرەقوشدا.

بە سەرپەرشتی فیدراسیۆنی بالەی عێراق و لە هۆڵی شێرکۆ فارس لە شاری سلێمانی، دووەم رۆژی رکابەرییەکان بە بەشداری 11 یانە بەڕێوەچوو.

بریار بەهجەت، ئەندامی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی بالەی عێراق بە 964ـی راگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ پاڵەوانیەتییەکە بە باشی بەرێوەدەچێت و تیپەکان لە کەشێکی پر لە رکابەریدان.

وتیشی. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە چەندین یاریزانی ئاست بەرز لەم پاڵەوانیەتییەدا بەشدارن و چاوەڕێی داهاتووی باشیان لێ دەکرێت.

سەرەتاش لە یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم، یانەی دەربەندیخان دووەم بردنەوەی لەسەریەکی تۆمارکرد، کاتێک بە سێ سێتی بێ وەڵام شکستی بە سەرچنار هێنا، لە دووەم یاری هەمان کۆمەڵەش یانەی ئافرۆدێت لە یانەی ئەکادی بردەوە بە سێ سێت بەرامبەر بە سێتێک.

لە یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمیش، یانەی ئافرەتانی هەولێر بە سێ سێتی بێ وەڵام سەرکەوت بەسەر سۆلافدا، لە بەهێزترین یاری دووەم رۆژیش یانەی سلێمانی بە سێ سێت بەرامبەربە سێتێک لە قەرەقوشی بردەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی