دیمەنی مەشقی هەڵبژاردەی بالەی عێراق .وێنە:964
بالەی عێراق لە سلێمانی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی ئاسیا دەکات
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی بالەی هەڵبژاردەی عێراق لە شاری سلێمانی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی ئاسیا دەکات.
ماوەی دوو هەفتەیە تیپی بالەی هەڵبژاردەی عێراق کە لە ریزەکانیدا پێنج یاریزانی کورد بوونی هەیە، لە شاری سلێمانی کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردووەتەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی ئاسیا.
عەلی تەها، یاریزانی هەڵبژاردەکە بە 964ـی وت، دوای تەواو بوونی کێبڕکێکانی بالەی یانە پلە نایابەکان، دوای پشوویەکی کورت پەیوەندیان بە هەڵبژاردەی بالەی عێراقەوە کردووە.
وتیشی، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی کە هەردوو یانەکانی پێشمەرگە و هەولێر لە وەرزی ئەمساڵ پێشکەشیان کرد، راهێنەری هەڵبژاردەکە پێنج یاریزانی کوردی بانگهێشت کردووە.
یاریزانە کوردەکانی ریزی هەڵبژاردەکە پێک هاتوون لە عەلی تەها و محەمەد مەحمود لە یانەی پێشمەرگە و ئیبراهیم خزر و نەوزاد شێرزاد لە یانەی هەولێر و عەبدوڵا کەریم لە یانەی غازی باشور، بریارە لە رۆژی 17.8.2023 پاڵەوانیەتی بالەی هەڵبژاردەکانی ئاسیا لە وڵاتی ئێران دەست پێبکات و هەڵبژاردەی عێراقێش شان بەشانی هەڵبژاردەکانی ئێران و سەنگافورە لە کۆمەڵەیەکدا ململانێی گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو دەکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی