51 رۆژە داوای مافەکانیان دەکەن

جوتیارانی خۆپیشاندەر لە کەرکوک نوێژی بەکۆمەڵیان کرد

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

مانگرتنی جوتیارانی کەرکوک لە رۆژی 51ـەمیندا کەوتە رۆژی هەینییەوە، ئەوانیش یەکەم نوێژی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا و دەڵێن بەردەوام دەبن.

ناڕەزایەتییەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەوییە لە کەرکوک، کە سوپای عێراق ناهێڵێت جوتیاران بچنەوە سەر زەوییەکانیان.

ئەوان کە لە جوتیاری کورد و تورکمان پێکدێن، لە لایەن “عەرەبی هاوردەوە” زەوییەکانیان لێ سەندراوە و بە پێی بڕیارێکی رژێمی پێشووی عێراق بە هی خۆیانی دەزانن.

ساتع ناسیح، یەکێک لە نوێنەرانی جوتیارەکان بە 964ـی راگەیاند، هەوڵ هەن زەوییەکانیان پێبدرێتەوە، بەڵام بەردەوام دەبن تا جێبەجێ دەکرێت.

چەند رۆژی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسایەکی ناردە پەرلەمان، کە بڕیارەکانی رژێمی پێشووی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.

“تا یاساکە لە پەرلەمان پەسەند نەکرێت و زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان نەگەڕێنەوە ئێمە مانگرتن ناشکێنین”، ئەوەش قسەی ساتع ناسیحە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد