پێنجوێن لە 20 ساڵدا شەش پلە گەرمتر بووە

964+
ئەحمەد مستەفا

لە 20 ساڵی رابردوودا، لە پێنجوێن پلەی گەرمی لە نێوان 37 پلە بۆ 43 پلە تۆمارکراوە، وەرزی زستانی ئەمساڵیش کەمتر لە یەک مەتر بەفر باریوە.

بەم جۆرە بێت لە نێوان ساڵی 2003 بۆ 2023، شەش نمرە کەشی پێنجوێن گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کەشناسیی قەزاکە، چالاکیی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا بە هۆکار دەزانێ.

قەزایەک کە ساڵ هەبووە 27 پلە ژێر سفری تۆمارکردووە و سەرما و سۆڵەیەکی بێ وێنەی هەبووە، کەچی ئەمساڵ لە ساردترین دۆخیدا 11.3 پلە ژێر سفری تۆمار کردووە.

پێنجوێن ژمارەی دانیشتووانەکەی ئێستا زیاتر لە 13 هەزار خێزانە، بە دووریی 96 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی.

کەشناسی دەڵێت، ئەمساڵ لە پێنجوێن هەزار ملیم باران باریوە، بەڵام بەهادین حەسەن بەڕێوەبەری وێستگەی کەشناسیی ئۆتۆماتیکی پێنجوێن بە 964ی وت، “بۆ پێنجوێن بەفر گرنگە، کە ناوچەیەکی شاخاوییە، پارساڵ یەک مەتر و 37 سانتیمەتر بەفر باریبوو، لە کاتێکدا ئەمساڵ 75 سانتیمەتر بەفر باریوە”.

بەڕێوبەرەکە نایشارێتەوە، پلەکانی گەرمی روو لە بەرزییە و وتی، کەمبوونەوەی دار، زۆریی شەقامی قیر و کۆنکرێت، هەبوونی خانووی کۆنکرێت و ئەیزوگام، چالاکیی مرۆڤ و ئۆتۆمبێل و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان، هۆکاری سەرەکین.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی