فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ - وێنە:964
خەڵکی چەمچەماڵ 10 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێت
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
لەم گەرمای هاوینەدا، تەنیا 10 رۆژ جارێک بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، ئاوی خواردنەوە دەدرێت بە دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ، کاتی هاتنەوەکەشی نەزانراوە و هەرجارە و لە سەری سەعاتێکدا بەردەدرێتەوە.
لە وەرزی زستاندا، پێن رۆژ جارێک بڕی 36 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاوی خواردنەوە لە بۆری دووی دوکان – سلێمانی دەگەیشتە چەمچەماڵ، بەڵام ئێستا تەنها بری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو دەگاتە قەزای چەمچەماڵ.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، ” لەو بڕە ئاوەی کە دەگاتە چەمچەماڵ 10 هەزار مەتر چوارگۆشەی لێدەدرێت بە قەزای بازیان و تەنها 20 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو دەگات بە قەزای چەمچەماڵ، ئەمەش گەورەترین گرفتە بۆ هاوڵاتیان”.
دەشڵێت، لەگەڵ قایمقامی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ناحیەکان، لەگەڵ بەرپرسانی قەزای بازیان و سلێمانی لەسەر خەتن بۆ چارەسەرکردن، یاخود کەمکردنەوەی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ.
964 دەزانێت کە لە دەربەندی بازیان تاوەکو و سنووری ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، دواتر تاوەکو ناوچەی ئاوەتەقیوەکە لە دەروازەی چەمچەماڵ، چەندین کارگە و حەوزی ماسی و چێتشخانە و باخ و ڤێلا بە زێدەڕۆ ئاویان راکێشاوە لەسەر هێڵی دووی دوکان – سلێمانی.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر