رۆژانە هەرێم زیاتر لە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێنێت

964+

فەهمی نەبی

بە پێی بەداوداچوونی 964 لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم، بۆ هەر رۆژێک شەش ملیۆن و 700 لیتر بەنزین پێویستە و ئۆتۆمبێڵەکان بەکاری دەهێنن.

سیروان عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلییەکان بۆ 964 دەڵێت، هەولێر رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینی پێویستە، ئەو رێژەیە لە وەرزی زستاندا دەبێتە دوو ملیۆن و 750 هەزار لیتر.

سەرچاوەکانی سووتەمەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێن، بۆ هەر رۆژێک شاری سلێمانی و دەوروبەری نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێنێت.

سەبارەت بە پارێزگای دهۆک عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە پارێزگای دهۆک بە 964ی وت، رۆژانە پارێزگای دهۆک یەک ملیۆن و 700 هەزار لیتر بەنزینی پێویستە و بەکاری دەهێنێت.

سەبارەت بە پێداویستی پارێزگای هەڵەبجە بۆ بەنزین، پێشەوا حەیدەر سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لە پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، لەهەموو سنوری پارێزگای هەڵەبجە 11 بەنزیخانە هەیە و رۆژانە 70 هەزار لیتر بەنزین بەکاردێنین.

ئێستا لە بازاڕی فرۆشتنی سووتەمەنی، بەنزینی نۆرماڵی پاڵاوگەکانی لاناز، کار و بێجی عێراقی هەیە، نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرمال لە نێوان 850 دینار بۆ 875 دینارە.

ئاماری هاتوچۆی هەرێم دەریدەخات تا ساڵی 2022، ژمارەی ئۆتۆمبێڵی تۆمارکراو لە هەولێر گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 22 هەزار و 371 ئۆتۆمبێڵە، لە پارێزگای سلێمانی 647 هەزار و 361 ئۆتۆمبێڵ هەیە، لە پارێزگای دهۆکدا 288 هەزار و 398 ئۆتۆمبێڵ هەیە.