موسڵ وەڵامی زاخۆ دەداتەوە: پردی ئێوەمان نەدزیوە

964+

ژووری هەواڵ

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە بەشی کوردی 964 کە تێیدا بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ رایگەیاندبوو، لە موسڵ پردێک دروستکراوە و هاوشێوەی پردی دەلالە لە زاخۆ و ئەوان سکاڵا تۆمار دەکەن، بەرپرسانی شوێنەوار لە موسڵ رەتیانکردەوە.

بەڕێوبەرایەتیی پشکنینی شوێنەواری نەینەوا دەڵێت، دڵنیایی دەدەین بیرۆکەی پردەکە نەدزراوە، بەڵکو مێژووی دروستکردنیان هاوبەشە و یەک دیزاینیان هەیە.

پردی ئاسکی لە موسڵ لە سەردەمی عەباسییەکان دروستکراوە، دەکەوێتە ناحیەی ئاسکی و 40 کم لە باکووری رۆژئاوای شاری موسڵەوە دوورە.

خەیرەدین ئەلجحێشی، بەڕێوبەری پشکنینی شوێنەواری نەینەوا بۆ 964 دەڵێت، وێنەی کۆنی پردەکە یەک کەوانە بووە، تەنیا بەشێک لە پردی عەباسی لە ئاسکی موسڵ مابووەوە، بەڵام دواتر بناغەی رەسەنی پردەکەمان دۆزیوە و بۆمان دەرکەوت، کە کەوانەی زۆری هەیە، بۆیە نەخشەی نوێمان بۆ کاری نۆژەنکردنەوەکەی بە پێی ئەو نەخشەیە کێشا.

بە گوێرەی زانیارییە مێژووییەکان، تەمەنی پردی ئاسکی لە موسڵ بۆ زیاتر لە 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەری پشکنینی شوێنەواری نەینەوا دەڵێت، ئەم بابەتە زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورە کراوە، ئێمە تەنیا لەسەر شێوەی خۆی پردەکەمان بونیاد ناوەتەوە، لە سەردەمی عەباسییەکان منارە و پرد و باڵەخانەکان هەمان دیزاینیان هەبووە، ئەگەریش هەیە هەردوو پردەکە لە یەک سەردەم دروستکرابن.

هاوکات خەیرەدین ئەلجحێشی ئەوەشی وت، هیچ کێشەیەک نییە و هەفتەی داهاتوو لە شاری دهۆک دەبین، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی وردەکارییەکان روون بکەینەوە و بگەینە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی