شەش گوندی تاریکی گەرمیان رووناک دەکرێنەوە

+964

هونەر فارس- گەرمیان

کارەبا گەیەندرایە شەش گوندی دیکەی بێ کارەبای گەرمیان، ئەو گوندانەشی بە تاریکی ماونەتەوە دراون بە کۆمپانیا و لە داهاتوودا دەست بە کارکردن دەکرێت تێیاندا.

گوندەکان پێکدێن لە دەنگەوەرە، بوکە، کەنیزەردی باشکی، قەڵبەزە، کاکەبرا و قەبری مەلا، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای گوندی سەید مەحمود.

پەیامنێری 964 قسەی لەگەڵ چەند هاوڵاتیەکی ئەو گوندە تاریکانە کردووە، ئەوان دڵخۆشن بە رووناککردنەوە و گەیاندنی کارەبای نیشتیمانی بە گوندەکانیان.

سەرچاوەیەک لە کارەبای گەرمیانەوە بە 964ـی وت، گوژمەی ئەو پارەیەی بۆ گەیاندنی کارەبای ئەو گوندانە تەرخانکراوە 560 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا، تەرخانکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنێ کۆتا رۆژی کارکردن بووە لە گەیاندنی کارەبا بەو گوندانە و ئێستا کارەبایان هەیە.

964 دەزانێت، ئێستا تەنیا 23 گوندی بێ کارەبا لە سنصوری گەرمیان ماونەتەوە، ئەوانیش دراون بە کۆمپانیا و چاوەڕێ دەکرێت دوای تەواوبوونی رێکارەکان، ئەگەر گرفتی سیولەی بانکی نەیەتە پێش، دەست بە کارکردن لە گەیاندنی کارەبا بەو گوندانەش بکرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر