“هەر کەسێک بە نایاسایی بیر لێبدات ئامێرەکەی دەتوێننەوە”

964+

دیلان محەمەد جەزا

بەهۆی هاتنی وەرزی گەرما و کومبونەوەی ئاو هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر لێدانی بیر، بەڕێوەبەری ئاوی ژێڕ زەوی دەڵێت، هەر کەسێک بەنایاسایی بیر لێبدات ئامێرەکەی دەتوێنینەوە.

بەرامبەر هەڵکەندنی بیری نایاسایی ڕێکارەکان زۆر توند کراونەتەوە، ڕۆتین کەمکراوەتەوە، بەڵام ناهێڵن بیرێکی زۆر هەڵبکەندرێت، بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەوی بەفیڕۆ نەچێت.

عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانی بە 964 راگەیاند، بەهۆی نەبوونی پۆند و بەربەستی ئاوی و کەم بارانی لە ماوەی دووساڵی رابردوودا، وایکردووە رێژەی ئاوی ژێر زەوی کەم ببێتەوە، بۆیە ڕێگری دەکرێت لە دەرهێنانی.
لە ساڵی 2015 ەوە لێدانی بیر لەناو ماڵاندا لە شاری سلێمانی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و رێگای پێنادرێت، هەر کەسێک هەوڵی لێدانی دابێت دەستگیر کراوە.

تا ئێستا 1500 ئامێری بیر لێدان دەستی بەسەرداگیراوە، خاوەنەکانی رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە، ئامێرەکانیشیان تواندووەتەوە.

لە هەریەکە لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین لە ساڵی 1975 ەوە، نزیکەی 11 هەزار بیری یاسایی هەیە، لەو رێژەیە 35% بۆ ئاوی خواردنەوەیە و 35% بۆ کەرتی کشتوکاڵیە و 30% بۆ کەرتی پیشەسازیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی