گەڵاكانیان زەرد بوون

باخەکانی گوندی گردەپان و کەلوک نەخۆشن

964+
كوردستان ئەحمەد

لە گردەپان و كەلوك ژمارەیەك باخی جیاواز هەیە، بە هۆی گەرما و كەمئاوییەوە دارەكانیان تووشی نەخۆشی بوون، خاوەنەكانیان داوای چارەسەری كێشەكە دەكەن.

دارەكان لە جۆری سنەوبەر، مازوو، داری سەبەحبەح و چەندین جۆر داری دیكەی بەرداری وەك هەنار و هەرمێ و هەنجیرن، بە هۆی كەمئاوییەوە تووشی پوكانەوەی گەڵاكانیان بوون، هەندێك داریش رەنگی گەڵاكانیان زەرد بوونە و بێ وزەن.

قودرەت عەلی، خاوەنی باخە لە گوندی گردەپان، بە964ی وت، دارەكانی نەخۆشن، كێشەكە كەمئاوی و بەرزیی پلەكانی گەرما و نەبوونی پەیینی كیمیاییە.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە، 964ی وت، لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەی هاوكاری ئەو باخەوان و جوتیارانە بكەن لە سنووری پارێزگاكەیان كێشەیان هەیە.

گوندەكانی گردەپان وكەلكوك سەر بە قەزای بەردەڕەشن، 15كیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاكەوە دوورن، بە هەردووكیانەوە 90 ماڵ دەبن، زۆربەیان بە ئاژەڵداری و كشتوكاڵ و باخدارییەوە خەریكن.