٧٢٠ شاخەوان چوونە ئەشکەوتی ھەزارمێرد

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

 لە سلێمانی ٤٠ گروپی شاخەوانی، بە مەبەستی دروستکردنی تۆڕێکی شاخەوانی لەنێوان خۆیان بە بەشداری ٧٢٠ کەس چوونە ئەشکەوتی هەزارمێرد.

ئەشکەوتی ھەزارمێرد، بە دووری ١٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری سلێمانییەوە و لە نزیک گوندی ھەزارمێردە، ئەو ئەشکەوتە لە تەنیشت چیای بەرانان هەڵکەوتووە و هەزار و ٢٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

عومەر بەرکێو، سەرۆکی رێکخراوی شاخەوانی سروشتی کوردستان، ئەمڕۆ ھەینی بە 964+ی وت، بە مەبەستی راگەیاندنی پێکھاتە و تۆڕێک بۆ گروپە شاخەوانییە فەرمییەکانی ناوچەی سلێمانی، ئەمڕۆ ٤٠ گروپ چوونەتە ئەشکەوتی ھەزارمێرد.

بە وتەی ئەو، ئەو ھەنگاوەیان بە مەبەستی پێشخستنی بواری شاخەوانییە لە ھەرێمی کوردستان و لە ئایندەیەکی نزیکدا پەیڕەوێک بۆ تۆڕەکە دادەنێن و ھەوڵدەدەن سەرجەم گروپە شاخەوانییەکانی تێدا کۆبکەنەوە.

شاخەوانەکان تەمەنیان لەنێوان ٢٠ تاوەکو ٥٠ ساڵە، ژنان، کچان، کوڕان و پیاوان بەشداری شاخەوانییەکە بوون و لە پلەی گەرمی ١٦ پلەی سیلیزی، ریزیان بەستبوو بەرەو ئەشکەوتی ھەزارمێرد.

بە قسەی سەرۆک گروپەکان، ئەم ھەنگاوەی ئەوان وا دەکات، زۆرێک لەو شاخەوانانەی لە ماوەی رابردوو وازیان ھێنابوو، لەگەڵ گروپەکانیان دەست بە وەرزشی شاخەوانی بکەنەوە.