یانەی نەورۆز دوا ئامادەکاری بۆ یارییەکەی تەڵەبە ئەنجامدا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی نەورۆز پێش بەڕێکەوتنی بۆ شاری بەغدا، دوا ئامادەکاری بۆ یارییەکەی تەڵەبە ئەنجامدا.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی نەورۆز، لەسەر یاریگای زانکۆ و بە ئامادەبوونی گشت یاریزانان، دوا یەکەی مەشق و راهێنانی ئەنجامدا و ئەمڕۆش سەر لەبەیانی رووە و شاری بەغدا بەرێکەوتن، بە مەبەستی رووبەڕووبونەوەی یانەی تەڵەبە.
پرسیار عەبدولرەزا، یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، لە دوای بردنەوە گرنگەکەی گەڕی پێشوو لە بەرامبەر هەولێر، ورەی یاریزانەکانیان بەرزە بۆ یارییەکەی تەڵەبە.
یاریدەدەری راهێنەری نەورۆز وتیشی، هەرچەندە بەهۆی پێکانەوە دیار یاخی کاپتنی تیپەکە ناتوانێت ئامادەبێت، بەڵام ئامادەکارییەکانیان لە ئاستێکی باشدایە بۆ ئەو یارییە گرنگە.
رۆژی شەممە کاتژمێر 6ـی ئێوارە و لەسەر یاریگای گەل لە شاری بەغدا، لەمیانی رکابەرییەکانی گەڕی 37 لە خولی نایابی عێراق، یانەی نەورۆز دەبێتە میوانی تەڵەبە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی