سەرچاوەی ئاوی گوندی یەخی ماڵی. فۆتۆ: 964
بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت
“بۆچوونمان بۆ دروستکردنی کارگەی ئاسنی یەخی ماڵی وەرنەگیراوە”
+964
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت دەڵێت، لە دروستکردنی کارگەی ئاسن لە گوندی یەخی ماڵی بۆچوونیان وەرنەگیراوە، کە ئەمڕۆ دانیشتووانی ئەو گوندە لە دژی گردببوونەوە.
گوندی یەخی ماڵی لە ناحیەی عەربەت 18 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی، کە ژمارەیان 73 خێزانن، ئەمڕۆ نارەزایەتیان دەربڕی لە دروستکردنی کارگەیەکی ئاسن لە نزیک سەرچاوەی ئاوی گوندەکەیان.
بە گوێرەی سۆراغی 964، ئێوارەی ئەمرۆ بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، لەگەڵ موختار و دانیشتووانی گوند و جوتیارەکان کۆبووەتەوە، دابان محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، “بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لەم بابەتە و هەموو کات پاڵپشت و پشتیووانی گوندنشینانە و ئەمڕۆش نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی کردووە”.
وتیشی، “چەند جارێک لە ماوەکانی رابردوودا بە فەرمی داوامان لە وەبەرهێنانی سلێمانی کردووە لە کاتی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ کارگە و پرۆژەکان، لە دەرەوەی شاری پیشەسازی وەبەرهێنان رای بەڕێوەبەراتیی ناحیە وەربگرێت، بەڵام ئامادە نین و بیانووی جیاوازیان هەیە”.
بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە بێی، بەڕێوەبەرایەتییەکەی لە مامەڵەی کارگە (کوژاندنەوەی زەوی، مۆڵەتی سەرەتایی و دەستبەکاربوون) ئاگادار نەکراوەتەوە، هەر بۆیە وتی، “بەرپرسیاریەتیی هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە ئەستۆ ناگرین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا