لە خولی نایابی عێراق نەورۆز لە هەولێری بردەوە

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە خولی عێراق بۆ تۆپی پێ یانەی نەورۆز بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی هەولێری بردەوە.

لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 36 ـی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەکانی عێراق، لە یاریگەی سلێمانی و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 10 هەزار هاندەر، یانەی نەورۆز میوانداریی یانەی هەولێری کرد.

لە یارییەکەدا یانەکەی شاری قەڵا بە پێکهاتەی سەرەکی هاتنە نێو یاریگە و یانەی نەورۆزیش بەبێ بوونی شەش یاریزانی پیشەگەر، کە گرێبەستەکانیان تەواو بووە و تیپەکەیان جێهێشتووە، هەروەها بەبێ دیار یاخیی کاپتنی تیپەکە یارییان کرد.

گێمی یەکەم بەهێرشەکانی هەولێر دەستیپێکرد، بەڵام لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا محەمەد سامی، لە خولەکی پێنج گۆڵی یەکەمی بەخشییە نەورۆز، دواتر یاریزانان تۆپیان لەسەر یاریگە ئاڵوگۆر دەکرد، لە کاتی زیادکراوی گێمەکەدا یانەی هەولێر توانیان لە رێگەی هیلۆ مۆنتێرۆی بەڕازیلی گۆڵی یەکسانبوونەوە تۆماربکەن.

گێمی دووەم هەر لە سەرەتاوە یانەی نەورۆز بە هێرشبردن دەستی بە یاریی کرد و چەند جارێک نزیکبوون لە تۆمارکردنی گۆڵ، یانەی هەولێریش هەوڵی دەدا سوود لە هێرشەکانی وەربگرێت، بەڵام گۆڵپارێزی نەورۆز رێگربوو لەسەر بەدیهاتنی ئامانجەکانیان، ناوبژیوان پێنج خولەکی زیادەی راگەیاند، دوای تيپەربوونی یەک خولەک لە کاتی زیادکراودا ئیبراهیم غازی، گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ یانەی نەورۆز تۆمارکرد و یارییەکەش بە دوو گۆڵ بەرامبەربە گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەکەی شاری سلێمانی کۆتایی هات.

بەم سەرکەوتنە یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی بەرزکردەوە بۆ 51 خاڵ و چووە پلەی هەشتەمی ریزبەندی، یانەی هەولێرش بە 52 خاڵ لە پلەی حەوتەم مایەوە.

لە دوای یارییەکەش هەندێ گرژی و کاری ناوەرزشی لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست بوو، بەڵام کۆنتڕۆڵ کرا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی