کاندیدی یەکێتی بوو بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ

کاندیدی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ خانەنشین کرا

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، سەرکەوت حەسەنی خانەنشین کرد. ناوبراو لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کاندیدی بریکاری وەزیری ناوخۆ بوو. خۆی دەڵێت؛ تا ئێستا فەرمانەکەی بەدەست نەگەیشتووە.

سەرکەوت حەسەن، ناسراو بە سەرکەوتی کوبە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر پشکی گۆڕان بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بوو، دواتر چووەوە ناو یەکێتی و کاندیدی یەکێتی بوو بۆ جێگرتنەوەی چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ.

سەرکەوتی کوبە بە 964+ـی راگەیاند: نووسراوەکەم بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام بیستوومە خانەنشین کراوم.

“لە لایەن سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە کاندیدی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بووم”، سەرکەوتی کوبە وای وت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە بۆ 964+ـی ئاشکرا کرد، بڕیارەکە بە پێی ماددەی ١٢ـی یاسای چاکسازی دەرکراوە.

بە پێی بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٢ـی یاسای چاکسازی، فەرمانبەر بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و سەرووتر کە پێکهاتەی ئیداری لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرووتر بەڕێوە نابات خانەنشین دەکرێت یان ئەگەر پۆستی بەتاڵ هەبێت دەگوازرێتەوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، فەرمانەکەی بۆ دەرچووە و دەبێت هەموو ئەو کەلوپەلانەی حکومەتیش بگەڕێنێتەوە کە بەهۆی پۆستەکەیەوە وەری گرتووە.