بەم گەرمایە لە کەرکوک نەوتی سپی بەسەر ماڵان دابەش دەکرت

964+
کاروان ساڵحی ، کەرکوک

پلەی گەرما لە شاری کەرکوک لە سەرووی 44 پلەی سیلیزیە، کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییه‌کانی کەرکوکیش وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، له‌ ئێستاوه‌ دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا ده‌كات.

کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییه‌کانی کەرکوک لەسەر راسپاردەی وەزارەتی نەوتی عیراق دەست دەکات بە دابەشکردنی بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر سەرخێزانێک، وەک ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان.

غەسان وادی، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییه‌کانی کەرکوک، سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق، بە 964ی وت، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی نەوت وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی زستان، لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر سەرخێزانێک ده‌كرێت، كه‌ بۆ هه‌ر لیترێك 150 دینار له‌ رێگه‌ی كۆبۆنه‌وه‌ له‌ وێستگه‌ حكومی و ئه‌هلییه‌كان وه‌رده‌گیرێت.

“تا ئێستا بڕیاری دابەشکردنی نەوت بۆ پێنج پارێزگا دەرچووە، کە بریتیین لە هەریەک لە کەرکوک، دیالە، تکریت، موسڵ و رومادی، دابەشکردنەکە بۆ ماوەی مانگه‌كانی تەمووز و ئاب بەردەوام دەبێت”، غەسان وادی وای وت.

ئه‌م كاره‌ له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ ئێستا پله‌كانی گه‌رما زۆر به‌رزن و هێشتا ماوه‌یه‌كی زۆر بۆ وه‌رزی زستان ماوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا