ئاگر لە دەشتاییەکانەوە دێتە ناو شارەکان

964+

توانا نەقی

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چەندین ئاگری گەورە لە زەوی کشتوکاڵی و پوش و پاوان لە کوردستان کەوتووەتەوە و بە سەدان دۆنم زەوی سووتاون، ئێستا بەهۆی گەرما و هۆکاری ترەوە مەترسی ئاگرکەوتنەوە لەناو شارەکانیش لە زیادبووندایە.

دوێنێ دووشەممە، ئاگرێک لە بازاڕی داون تاونی هەولێر کەوتەوە لە چەند رۆژی رابردووشدا لە بازاڕی لەنگە بەهەمان شێوە ساڵانەش لە زۆرێک لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان ئاگردەکەوێتەوە و زەرەروو زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە.

لە زۆرێک لەو بازاڕو جێگەیانەی کە لەناو شاردان سیستمی ئاگر کوژێنەوەی یان لێ نییە یان ئەگەر هەشبێت وەک پێویست باش نییە لە کاتێکدا دەبێت لەگەڵ نۆژەنکردنەوە یاخود دروستکردنی شوێنێک ئەو سیستمەی بۆ جێگیر بکرێت.

964 لە رێگەی بەرگری شارستانی هەولێرەوە بەدواداچوون بۆ دانان و بوونی سیستمی ئاگرکوژێنەوە و رێکارەکان دەکات بۆ رێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە ساڵانە ئەو حاڵەتانەی تیادا دووبارە دەبێتەوە.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان بۆ بازاڕ و مۆڵەکان و تەنانەت پرۆژەکانی نیشتوجێبوون دانانی سیستمی ئاگر کوژێنەوەی پێشکەوتووە.

وتیشی، دوای نۆژەنکردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر باشترین سیستمی ئاگرکوژێنەوە دانراوە کە هەر 25 مەترێک سۆندەی ئاگرکوژێنەوە جێگیرکراوە بەڵام هاوڵاتیانیش کەمتەرخەمن و ئەو سیستمە ئەشارنەوە و شتی لەسەر دادەنێن، ئەگەریش ئاگرێک بکەوێتەوە ئەوا پێویستیان بە هیچ ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوە نابێت.

ئێستا لەناو بازاڕی لەنگە لە هەر 25 مەترێک سندوقێکی ئاگرکوژێنەوە هەیە بە سۆندەی پێویست و قەزافەوە هەروەها بە تەئسیسی بۆریی ئاو هەر لەناو بازاڕەکە.

سەبارەت با بازاڕ و مۆڵەکان سەرکەوت کاڕەش دەڵیت، مۆڵەت نادەن بە هیچ شوێنێک تاوەکو سیستمی ئاگرکوژێنەوەی باش دانەنێن، ئێستا بازاڕی داون تاون سیستمەکەی تێدایە بەڵام باش نییە خاونی بازاڕەکە و ئاو کۆمپانیایان ئاگادار کردووەتەوە بە زووترین کات سیستمەکە نوێبکەنەوە و بە باشترین شێوە دایبنێن.

964 دەزانێت، هەر پرۆژەیەک هەر بازاڕو مۆڵک هەر جێگەیەکی گشتی کە رێکاری دەستپێکردنی پرۆژەکە دەکرێت بنێردرێت بۆ بەرگری شارستانی، ئەوا بەبێ ئەو مەرجانە بە تایبەت سیستمی ئاگر کوژێنەوە مۆڵەت نادرێت بە پرۆژەکە.