بەهۆی ژەهراوی بوونەوە ژمارەیەک سەر مەڕ مردار بوونەوە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

لە گوندێکی سەربە ناحیەی بجیل، بە هۆی خواردنی جۆرە گیایەکەوە ژمارەیەکی زۆر مەڕ ژەهراوی بوون و بەشێکیان مرداربونەتەوە.

 محەمەد شاکر، بەڕێوەبەری ڤیتێرنەری ناحیەی بجیل بە 964+ـی وت؛ لە گوندی کێلی سینان سەر بە ناحیەی بجیل لەسنوری قەزای ئاکرێ، ٩٧سەر مەڕ بەهۆی خواردنی جۆرە گیایەک کە پێی دەڵێن (هەڵاڤە) ژەهراوی بوونە، تائێستاش سەرووی ٢٠ سەر مەڕ مردار بوونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەردانی گوندەکەمانکردوە و دەرمانی پێویستمان بۆیان دابینکردوون.

محەمەد شاکر وتیشی؛ هۆکاری مرداربوونەوەکە ئەوەیە ئەو مەڕانە ئەو جورە گیایەیان خواردووە، جۆرە گیایەکە بۆ مەڕ زۆرخراپە، چونکە گەدەیان ناتوانێت هەرسی بکات و دواتر پێی ژەهراوی دەبن.

زیاتر وتی “خاوەنی ئەو سەرمەڕانەش پێش وەختە ڤاکسینی لە مەڕەکانی خۆی نەداوە، بۆیە بەرگری لەشیان بەهێز نیەو بە ئاسانی ژەهراوی دەبن، بۆیە هەندێک دەرمانمان داوە بەو سەر مەڕانە، بەڵام ئەو جۆرە گیایە کاریگەری زۆر لەسەر کردووە بۆیە هێشتا مەترسییان لەسەر ماوە”.

زورترین رێژەی بەخێوکردنی مەڕ لە گوندی کێلە سینانە ،بەپێی دواین ئامار نزیکەی هەشتا هەزار سەر مەر لەو گوندە بەخێو دەکرێن.