پێشتر ئاویان نەبوو

چۆخماخییەکان 80 ماڵن و 100 بیری ئاویان لێداوە

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

گوندی چۆخماخ کە 80 ماڵی تێدا دەژی و 100 بیری ئاویان هەیە و ماڵ هەیە دوو بیری هەیە.

گوندەکە کەوتوەتە سنووری ناحیەی گاپیڵۆن لە قەزای ماوەت لە سنووری شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی.

چیرۆکی 100 بیرەکە ئەوەیە کە دانیشتووانی گوندەکە پشتیان بە ئاوی کارێز و کانیاوەکان بەستبوو، بەڵام بەهۆی وشکبوونی دووچاری کێشەی کەم ئاوی بوون بۆیە داوایان لە حکومەت کرد کە بیرێکی ئاویان بۆ لێبدەن.

داواکەیان بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام دانیشتووانەکەی دەڵێن، وەڵامی حکومەت ئەوە بووە کە گوندەکەیان ناوچەیەکی شاخاوییە و ناتوانن بیری ئاویان بۆ لێبدەن.

لە بێ ئاوی هەر ماڵێکی گوندەکە بڕیار دەدات بۆ خۆی بیرێکی ئاو لێبدات، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا لەو گوندەدا کە 80 ماڵی تێدا دەژی 100 بیری ئاو هەبێت.

بەشێک لە ماڵەکان، بیریان بۆ رەز و باخەکانیشیان لێداوە.

فەرهاد محەمەد، دانیشتووی گوندی چۆخماخ بە 964ی وت، هەندێک لە ماڵەکان لەناو رەز و باخەکانیشیان بیریان لێداوە.

دەشڵێت: لە گوندەكەمان زیاتر لە 100 بیر هەیە، بیرەکان هەمووی لە 10 تا 15 مەتر گەیشتوونەتە ئاو، قوڵترین بیریش ناگاتە 70 مەتر.

گوندەكە دەكەوێتە ناو دەشت و دۆڵێکەوە کە بە چیا دەوردراوە و خەڵكەكەی مەڕدار و باخدارن.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد