مەفرەزەکانی پۆلیسی دەربەندیخان 40 ماتۆڕیان گرت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمشەو چەند کاتژمێرێک بەر لە هاتنی جەژن، پۆلیسی دەربەندیخان لە بەشێکی شەقامەکانی قەزاکە بازگەی کاتی دانا و دەستیبەسەر نزیکەی 40 ماتۆرسکیلدا گرت، بۆ ئەوەی لە جەژندا خەڵک بێزار نەکەن.

درەنگانی شەوی رابردوو سێشەممە، قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان لە فەیسبووک رایگەیاند، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماتۆرسکیلانە، نزیکەی 50 پەردە و لەزگەی رەش کە لە جامی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل درابوون، لێکرانەوە.

“سەرپێچیکاران رووبەڕووی رێکاری یاسایی و دادگا دەکرێنەوە”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.

لە یەكەم رۆژی جەژندا لە كفری و شەقڵاوە هاتوچۆی ماتۆر بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە، بەڵام لە دهۆك و سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە، لە سەرنتەری شارەكان هاتوچۆی ماتۆر قەدەغە نەكراوە و هاتوچۆكردن ئاساییە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ی وت، سبەینێ هاتوچۆی ماتۆڕ لە ناو شاری هەولێر ئاساییە، بەڵام بە هەموو شێوەیەك لە ناو قەڵادزێ هاتوچۆی ماتۆر قەدەغەیە.

لەلایەكی دیكەشەوە، وتەبێژی هاتوچۆیی گەرمیان بە 964ی وت لە ناو كەلار و كفری لە یەكەم رۆژی جەژندا بە هەموو شێوەیەك هاتوچۆی ماتۆر قەدەغەیە.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی دەركردووە لەسەر ماتۆڕە بێسەرەتاكان و دەڵێت، هەر ماتۆڕێكی بێسەرەتا لە ناوشاردا بسووڕێتەوە و بكەوێتە مەفرەزەوە دەستگیردەكرێت و دەست بەسەر ماتۆڕەكەدا دەگیرێت و ناوبەناویش مەفرەزەی تایبەت بە ماتۆڕ دادەنرێت.