سەدانیان باری تەندروستیان تێکچووە

حاجیانی کوردستان لە سعودیە سەلامەتن

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی تەندروستیی سعودیە رایگەیاند، بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە ئەمڕۆ 287 حاجی باری تەندروستیان تێکچووە، وەزارەتی ئەوقافی هەرێم دەڵێت، حاجییەکانی هەرێمی کوردستان سەلامەتن.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی سعودیە هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستی ئەو حاجیانەی راگەیاند، ئەوەش هاتووە، هۆکارەکە بە هۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و قەرەباڵغیەوە بووە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بۆ 964 وتی، “هەموو حاجیانی هەرێمی کوردستان سەلامەتن و کەسیان باری تەندروستیان تێکنەچووە”.
نەبەز ئیسماعیل ئەوەش دەڵێت، “هەموومان ئێستا بەیەکەوە لە موزدەلیفەین”.

بە پێی ئاماری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 کەس لە 150 وڵاتی جیاوازەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیەیان کردووە.

کەشناسی دەریدەخات، ئەمڕۆ پلەی گەرما لە شاری مەککە 44 پلەی سیلیزی بووە.

بۆ ئەمساڵ ئەوانەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە، ژمارەیان چوار هەزار و 685 کەسە.