٥٪ ئەلکحول بخۆیتەوە دەدرێیتە دادگا

+964

فەرمان سادق

هەر شوفێرێک زیاتر لە ٥٪ ئەلکحول بخواتەوە دەدرێتە دادگا، بەڵام لە عێراق ئامێری پشکنینەکە نیەو کەسیش لەسەر ئەلکحول سزا نادرێت. فازڵ حاجی دەڵێ؛ بەهۆی ئەو دیوە کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگەی کوردەواری هەیەتی هەموو شوفێرێک ناپشکنین.

+964 دەزانێت، ئامێری پشکنینی ئەلکحول زیاتر لە ١٠ ساڵە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ لە کوردستان بەکاردێت، بەڵام لە عێراق ئەو پشکنینە ناکرێت.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە +964ـی راگەیاند، ئامێری پشکنینی ئەلکحول مەفرزەکانی شەوان بەکاری دەهێنن، ئامێرەکەش پایپێکی پێیەوە بەستراوە، ئەو شوفێرەی کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە ئەلکحولی خواردبێتەوە، ئەوا پێی دەڵێین فوێک لەو پایپە بکات، ئامێرەکەش دەری دەخات ئەگەر ئەلکحولی خواردبێتەوە یان نا.

بوونی ئەو ئامێرە بەدەست پۆلیسی هاتوچۆ لە کاتێکدایە جگە لە هەرێمی کوردستان ئەوا لە عێراق بوونی نیە، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش دەڵێ؛ ئامێرەکە بە ستانداردی نێودەوڵەتییەو هەر شوفێرێک لە ئامێرەکە نیشانی بدات کە سەرووی ٥٪ـە ئەوا بە مانای ئەوەیە ئەلکحولی خواردووەتەوە، زۆرجاریش لە رووداوەکانی هاتوچۆ کە لە رۆژدا روودەدەن، گومان بکەین یەکێک لە شوفێرەکان ئەلکحولی خواردووە ئەوا بەو ئامێرە پشکنینی بۆ دەکەین.

+964 زانیاری ئەوەی لە پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر وەرگرتووە کە مەفرەزاکانی شەوانەی ئەلکحول بەشێوەی هەڕەمەکی لە شەقامەکان بڵاو دەبنەوە، شوێنێکی دیاریکراو نیە بەردەوام لەوێ بوەستن، جگە لەمەش ناچن بەلای ئەو کەسانەی کە شەوانە لە دەوروبەری شارەکان دادەنیشن و ئەلکحول دەخۆنەوە، بەڵکو مامەڵە تەنیا لەگەڵ شوفێر دەکەن لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا.

لە بارەی سزای ئەو کەسەی ئەلکحولی خواردووەتەوەو دەستگیر کراوە، فازڵ حاجی دەڵێ؛ وەسڵی سزای بۆ ناکرێت، بەڵکو تەواوی پڕۆسەکە ئەلکترۆنییە، ئامێرەکە دوای پشکنین بۆ هەناسەی ئەو کەسەی گومانی لێ دەکرێت، یان هەر شوفێرێک، ئەوا خۆی ئەنجامەکەی چاپ دەکات، ئەگەر ئەلکحولی خواردبێتەوە ئەوا لەگەڵ راپۆرتێکی مەفرەزەکە هاوپێچ دەکرێت و دەدرێتە دادگا، زیاتر وتی “مەفرەزەی تایبەتمان هەیە هی ئەلکحولەو شەوانە دەچنە سەر شەقامەکان، بەڵام بەکارهێنانەکەی چڕ کراوەتەوە لەسەر ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو دیوە کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگەی کوردەواری هەیەتی لە رابردووشدا کەیسی زۆر هەبووەو دراونەتە دادگا”.