کوشتارگەی خەلەکان بە بەلاش قوربانییەکان سەردەبڕێت

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

کوشتارگەی خەلەکان لە سنووری قەزای دوکان بۆ هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان بێبەرامبەر قوربانییەکانتان بۆ سەردەبڕێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.6.2023، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان لەگەڵ موختاری گەڕەکەکانی ناحیەکە و گوندەکانی سنوورەکە کۆبووەوە و ئامانجیش لە کۆبوونەوەکە گرتنەبەری رێکارێک بووە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە جەژندا قوربانی بکەن.

کۆبوونەوەکە بەو بڕیارە لێی دەرچووە کە کوشتارگەی خەلەکان، ئامادەیە بێبەرامبەر ئاژەڵەکان بۆ ئەو کەسانە سەرببڕێت کە دەیانەوێت قوربانی بکەن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای تای خوێنبەربوون.

هاوکات، یەکێکی تر لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە ئەوەبووە کە پێویستە گۆشتی قوربانی بدرێت بە هەموو دانیشتووانی ناحیەکە بەبێ جیاوازی، ئەمەش بە قسەی بەڕێوەبەری کوشتارگەی ناحیەکە کە قسەی بۆ 964 کردووە.

ئەیوب نەجات، ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە رێکارێکی باش دەبێت تاوەکو دانیشتووانی سنوورەکە بە رێژەیەکی زۆر لە مەترسییەکانی پەتای خوێنبەربوون بپارێزین.

دەشڵێت: جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەوێتە ئەستۆی پزیشکانی ڤێرتێرنەری بۆ لایەنی تەندروستی، هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش هاوکار دەبن بۆ رێکخستن و باش بەرێوەچوونی پڕۆسەکە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق