هه‌ده‌په، ژنێک بۆ پۆستى سەرۆکایەتیی کۆمار بەربژێر دەکات
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
پارتی دیموکراتی گەلان – هه‌ده‌پە، بە نیازه بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری تورکیا، له‌به‌رامبه‌ر خۆكاندیدكردنه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان، ژنێک بەربژێر بکه‌ن.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی ئەو پارته لە وتارێکدا کە ئێوارەی رۆژی پێنجی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بودجەی ساڵی دارایی ٢٠٢٣ی تورکیا، پێشکەشی کرد، ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد پارته‌كه‌یان بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمارى داهاتوو ژنێك به‌ربژێر ده‌كات.
هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە مانگی حوزەیرانی 2023 دەکرێن
هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە مانگی حوزەیرانی 2023 دەکرێن، تا ئێستا تەنیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر دەکاتەوە.
بوڵدان رایگەیاند، سیستمی هاوسەرۆک بۆ ژنان دەستکەوتێکی زۆر گرنگ بوو. ئێستا کاتی هاتووە، ئامانجەکە گەورەتر بکرێت.
هاوسەرۆکی هەدەپە وتیشی “لە سەدەی دووەمی تەمەنی کۆماری تورکیادا دەمانەوێت ژنێک ببێتە سەرۆک کۆمار. بۆ ئەمەش تاکە پارتی سیاسی کە داکۆکیکاری راستەقینەی ژنان بێت، تەنیا هەدەپەیە، کە یەکسانیی بەدی دەکات.”