خانەنشینانی کۆیە شوێنی حەوانەوەیان بۆ دروستکرا

964+

توانا نەقی

باخچەی تایبەت بە خانەنەشینانی کۆیە تەواو بووە و دوای جەژن دەکرێتەوە و خانەنشینان دەتوانن کاتەکانیان تیادا بەسەربەرن.

بیرۆکەی باخچەکە هی کۆمپانیایەکە کە پێشتر لە شاری هەولێریش جێبەجێکراوە و لەلایەن قایمقامیەتی قەزای کۆیەوە تەنیا زەوی بۆ دابینکراوە.

تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی راگەیاند، کاتێک کۆمپانیای کار پێشنیازی ئەوەی بۆ کردین کە باخچەیەک تایبەت بە خانەنشینان دروستبکات لە کۆیە بە خۆشحاڵییەوە زەوییان بۆ دابینکردووە.

وتیشی، باخچەکە بە رووبەری 700 بۆ 800 مەتر چوارگۆشە لە بەشێکی باخچەی “خوشکە فریشتە” لە سەنتەری قەزای کۆیە دروستکراوە و کارەکانی هەمووی تەواو بووە.

لە باخچەکەدا چایخانە و کافتریا و شوێنی وەرزشکردن و شوێنی پشوودانی بۆ خانەنشینان کە دەتوانن بەیانیان و ئێوارانیش بڕۆنە ئەوێ دروستکراوە.

قایمقامی کۆیە دەشڵێت، باخچەکە هەموو کارەکانی تەواو بووە و دوای جەژن بە فەرمی بەڕووی خانەنشیناندا دەکرێتەوە