مێروویەكی زیانبەخش لێی ئاڵاوە
ئەمساڵ هەنجیری كوردستان كێشەی هەیە
+964
كوردستان ئەحمەد
لەسەرەتای پێگەیشتنی هەنجیرداین لە كوردستان،بەشێكی زۆر لە هەنجیرەكان نەخۆشن و پێش ئەوەی بەرەکەی پێبگات دەوەرێت.
هەنجیری زەردی توركی، سەوز، رەش، ئیتاڵی رەش و فەیاڵ، هەنجیرە وردە و هەنجیری سورباو و ئاڵتونی لە باشترین جۆرەكانی هەنجیرن لە هەرێمی كوردستاندا بە باشی دەژین و تەمەنێكی درێژیان هەیە.
ئەمساڵ وەك ساڵەكانی دیكە هەنجیر كێشەی لە پێگەیشتنی بەرهەمەكەیدا هەیە، كێشەكەش ئەوەیە بەرەکەی پێش ئەوەی پێبگات، دەوەرێت.
دوو مێروو هۆكارن بۆ پێگەیشتن و پێنەگەیشتنی بەری هەنجیر، مێروویەكی سودبەخش هەیە پێی دەوترێت
(كرۆپاسرۆك)
ئەم جۆرە مێرووە لەناو بەری هەنجیرەكەدا گەرا دادەنێت و هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی هەنجیرەكە پێبگات و تووشی وەرین نەبێت.
جۆرێكی دیکەی مێروو هەیە، كە زیانبەخشە و پێی دەوترێت بلاستۆ فاكە، ئەم جۆرە زیان بە بەرەکەی دەگەیەنێت و رێگەنادات بەرهەمەكە بە جوانی پێبگات.
یونس سەركۆ، ئەندازیاری تایبەتی كشتوكاڵی بە 964ی وت، پێوستە جوتیار دوای وەرگرتنی راوێژی ئەندازیاری كشتوكاڵی، قڕكەری فایبەرمین بڕژێنێت بەسەر دار هەنجیرەكاندا، بۆ ئەوەی مێرووەكە لەناوببات.
بە پێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە پشتی بە داتای گومرگەكان بەستووە، لە چوار ساڵی رابردوودا 40 هەزار و 334 تۆن هەنجیر لە هەرێمی كوردستان بەكارهاتووە، کە 36 هەزار و 521 تۆنی بەرهەمی خۆماڵی بووە و دەكاتە 90.4%ی بڕی هەنجیر.
كاروان جەمال زێباری، وتەبێژی كشتوكاڵی ئاكرێ، بە964ی وت، هەنجیرەكانی ئاكرێ هەموو ساڵێك كێشەیان هەیە، ئەمساڵ دەرمانی قڕكەرمان بە خۆرایی بەسەر كشتوكاڵەكاندا دابەشكردووە، داوا لە جوتیارانیش دەكات رەچاوی تێبینییەكانی ئەوان بكەن.
هەنجیری ئاكرێ، سێ جۆری هەیە، سوور و زەرد و رەشباو تامێكی خۆشی هەیە، شیرین و ئاودار و گەورەیە، توكێكی وردی زەردی هەیە، دارەكەشی شیلەیەكی خەستی هەیە و دەبێت بەیانیان زوو بچنرێت.