بە دۆی کوردی ساردەوە
نەرمین خان رەشماڵی بۆ كەلانە هەڵداوە
+964
محەمەد عومەر- هەڵەبجە
لەسەر رێگەی هەڵەبجە – سلێمانی لە نزیك فلكەی تەپەتۆڵەكە، خانمێك خواردنگەیەكی تایبەت بە كەلانەی دروستکردووە.
بە بەرماڵ و جاجم و خێمە، شوێنەكە دروستکراوە، نەرمین خان و چوار كچی كەلانە دروستدەكەن، دەستیان لە ناو هەویری كەلانەكەیە و سوزگیەكی گەورە پیازیان هەڵداوەتەوە.
كەلانە بە رۆن و كەلانە بە شەكر و كەلانەی سادە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆی سارد و چاو ئاوی سارد و شەربەت و شیرینی بۆ خواردن دانراوە.
یەك كەلانە بە هەزار دینارە و ئەگەریش شەش دانە ببەیت بە پێنج هەزار بۆت دادەنێن، نرخی خواردنەوەكانیش لە چاو شوێنەكانی دیكەدا زۆر هەرزانە.
شوێنەكەی نەرمین خان دەكەوێتە فلكەی تەپەتۆڵەكە لە رێگای نێوان سلێمانی بۆ هەڵەبجە، لە نزیك ناحیەی سیروان و دووڕیانی زەڵم.
نەرمین خان قسە بۆ محەمەد عومەر پەیامنێری 964 دەكات و دەڵێت، چێژ لە كارەكەی دەبینێت و بژێوی خێزانەكەی بەو كارە پەیدا دەكات.
رۆژانی هەینی گەشتیارێكی زۆر سەردانی شوێنەكە دەكەن، بەڵام رۆژانی دیكە كەمتر میوان رووی تێدەكەن.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد