ئینڤێست کوردستان
حکومەت بە وێبسایتێک سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانییەکان رادەکێشێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان وێبسایتێکی کردەوە بەناوی “ئینڤێست کوردستان”، دەڵێت ئەمە براندێکە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێم ئاشنا دەکات بە وەبەرهێن و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی نێو وێبسایتی “ئینڤێست کوردستان“، “یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەکات و کۆمەڵێک هاندان پێشکەش دەکات، لەوانە بەخشینی باج بۆ ماوەی 10 ساڵ، تەرخانکردنی زەوی، گەڕاندنەوەی سەرمایە و شتی تر”.
لە مەراسیمی راگەیاندنی براندەکەدا، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر رایگەیاند، هانی وەبەرهێنەران دەدەن تا بێن لە کوردستان سەرمایەکانیان بەگەڕ بخەن.
“بە بایەخەوە کار بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەین تا بێن لە هەرێمی کوردستان هاوشانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، رۆڵیان هەبێت لە بونیادنانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سەرجەم سێکتەرەکاندا”، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان وای وت.
وێبسایتی “ئینڤێست کوردستان” تەنیا بە زمانی ئینگلیزی بەردەستە، یەکێک لە دروشمەکانی ئەوەیە دەڵێت، “هەرێمی کوردستان توانای ئەوەی هەیە ببێتە دەروازەی ئێوە بۆ بازاڕە گەشەسەندووەکانی کوردستان و عێراق، هەروەها بازاڕە فراوانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا”.