لە ١١ مانگدا لە كەركوك ٢٦ كەس كوژراون
+964
کاروان ستار
ئافرەتێکی ١٧ ساڵان، تەرمەکەی بە سووتاوی لە گوندێک دەدۆزرێتەوە، پۆلیسی کەرکوکیش دەڵێ؛ لە ١١ مانگدا ٢٦ کەس کوژراون.
ئەو ئافرەتە، بە قسەی پۆلیس بێت شەوی رابردوو تەرمەکەی لە گوندی تۆراغی سەر بە ناحیەی شوان دۆزراوەتەوەو دەرکەوتووە پێش سووتاندنی جەستەکەی بە دەمانچە دوو گەلەی لێدراوەو کوشتوویانە، بکوژ دواتر تەرمەکەی سووتاندووە.
+964ئاماری کوشتنی ١١ مانگی ئەمساڵی لە پۆلیسی کەرکوک وەرگرتووە، بە کوژرانی ئەو ئافرەتە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەمساڵدا کوژراون گەیشتووەتە ٢٦ کەس.
مقەدەم عامر نوری شوانى، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ پۆلیس لە بوونی تەرمێک لە گوندی تۆراغ ئاگادار کراوەیەوە، کاتێکیش تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە تەرمی ئافرەتێکی سووتاو دۆزرایەوە کە بەهۆی سووتانەکەی نەتوانراوە بناسرێتەوە.
زیاتر وتی “ئەو شوێنەی تەرمەكەی لێ فڕیدراوە كەوتۆتە بۆشای ئەمنی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند ئەو كەسانەی بە تاوانەش هەستاون سودیان لەو بۆشایە ئەمنیە بینیوە”.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی کەرکوک بێت، لە ١١ مانگی رابردوو ٢٦ کەس کوژراون، ٢٣ بکوژ دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.
مقەدەم عامر نوری شوانى، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك باس لەوەشدەکات کە زۆرینەی ئەو حاڵەتانە بۆ كێشەی شەڕەف و كۆمەڵایەتی و توند تیژی خێزانی و چەكی بێ مۆڵەت دەگەرێتەوە.