٦٦٤ ئاوارە لە ١٥ کەمپی هەرێمدان

لە هەرێم کەمپی ئاوارەکان کەم دەکرێنەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

کەمپی ئاوارەکانی هەرێم کەم دەکرێنەوە و دوو دوو و سێ سێ دەکرێن بە یەک، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت، هۆکارەکەی کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و ژمارەی ئاوارەکانە.

یەکی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە شاری هەولێر ئەنجام درا. 964+ دەزانێت، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری کەمکردنەوەی کەمپی ئاوارەکان دراوە لە هەرێمی کوردستان.

حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بۆ 964+ وتی: “هۆکاری کەمکردنەوە و تێکەڵکردنی کەمپەکان کەمبوونەوەی هاوکاریی نێودەوڵەتییە لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکان.”

لە هەرێمی کوردستان ١٥ کەمپی ئاوارە بوونیان هەیە، شەشیان لە هەولێر، چواریان لە سلێمانی و پێنجەکەی تریان لە دهۆکن و ٦٦٤ هەزار ئاوارەیان لەخۆ گرتووە، کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئاوارەی هەرێم بوون.

“ئێستا بە وەفدێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە بەغداین، تا هانی ئاوارەکان بدرێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و حکومەتی عێراقیش خەرجی و پێویستیی ئاوارەکان تا کاتی گەڕانەوەیان لەخۆ بگرێت”، حوسێن کەلاری وای وت.

964+ لە زاری ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆوە دەزانێت، کەمپەکانی سلێمانی دەکرێن بە دوان، هی هەولێر دەکرێنە چوار و هی دهۆکیش دەکرێنە سێ.