سێ خاوەن مۆلیدە ٨٧ کاتژمێر کەمتر کارەبایان دابوو، سزادران

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک 

سێ خاوەن مۆلیدە لە سنووری ناحیەی دێرەلوک لەسەر درەنگ هەڵکردنی مۆلیدەکانیان و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی رابردوو، سزادران.

مقەدەم غازی عیزەت، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوک بە 964+ی راگەیاند، لە مانگی رابردوودا سێ خاوەن مۆلیدە لە ناوچەکانی چەلکێ و هێتویتێ ٨٧ کاتژمێر کەمتر کارەبایان دابین کردووە لەو بڕەی کە بۆیان دیاریکرابوو.

ئەو سێ خاوەن مۆلیدەیە پابەند کراون کە بۆ مانگی تشرینی دووەم لە بری ١٧ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دەبێت ١٦ هەزار بۆ ١٦ هەزار و ٥٠٠ دینار لە هاوڵاتییان وەربگرن.

لە سنووری ناحیەی دێرەلوک شەش مۆلیدەی کارەبا هەن، بۆ مانگی رابردوو هەریەکەو بڕی ٢٧٧ کاتژمێریان بۆ دیاریکرابوو کە دابینی بکەن، کە رۆژانە دەکاتە نزیکەی ٩ کاتژمێر کارەبا.

ئەو خاوەن مۆلیدانەی کە سزادراون هەریەکەو بڕی ١٩٠ کاتژمێریان بۆ تەواوی مانگەکە دابین کردووە.