لە ڤیدیۆکانیدا رووبەڕووی ئاسایشی بازگەکان دەبووەوە

شایان عەلی” لە کەرکوک دەستگیر کرا”

+964
کاروان ساڵحی – کەرکوک

شایان عه‌لی، ئەو ژنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتێیەکاندا ڤیدێوی بڵاوکرایەوە، كه‌ ده‌مه‌قاڵی له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی بازگه‌یه‌كی ئاسایش ده‌كات و چەند جارێک وێنەی بازگەی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی بڵاودەکردەوە، ئەمڕۆ لە كه‌ركوك دەستگیر کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.6.2023 شایان عەلی بە بڕیاری دادوەری دادگای کەرکوک و بە پێی بڕیاری مادە 413 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیر کرا.

لیوا کاوە غەریب بەڕێوەبەری فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک تایبەت بە تۆڕی 964 ی وت، شایان عەلی پاش سەردانیکردنی دادگای کەرکوک بە بڕیاری دادوەر لە لایەن بنکەی پۆلیسی رەحیماوا ده‌ستگیر كرا.
وتیشی، ئه‌و ژنه‌ به‌ بڕیاری دادگا رەوانەی بەشی ژنانی گرتووخانەی تەسفیراتی کەرکوک کراوە، هەر کەسێک سکاڵای لەسەری هەیە دەتوانێت سکاڵاکەی تۆمار بکات.
لیوا كاوه‌ غه‌ریب ئاشکرای کرد، شایان عەلی بە تۆمه‌تی هەڕەشەكردن دەستگیر کراوە .

بە پێی یاسای ژمارە 413 ی ساڵی 1969لە یاسای سزادانی عیراق، هەر کەسێک هەڕەشە و ناوزڕاندنی کەسێک بکات لە ماوەی ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەند دەکرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا