لە سلێمانی لە کۆی چوار هاوسەرگیری یەکێکیان شکستی هێناوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە هەر چوار هاوسەرگیریەک کە لە ساڵی 2022ـدا لە سلێمانی ئەنجامدراون، یەکێکیان شکستی هێناوە و 25٪ی هاوسەرگیرییەکان هەڵوەشاونەتەوە.
شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی چاودێریی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی خستەڕوو و رایگەیاند، ئامارەکانیان لە لایەنە فەرمییەکان و دادگاکان وەرگرتووە.
بە پێی ئامارەکە، لە ساڵی 2021ـدا چوار هەزار و 867 هاوسەر لێکجیابوونەتەوە و بۆ ساڵی 2022 ئەم ژمارەیە زیادیکردووە و گەیشتووەتە پێنج هەزار و 533 تەڵاق.
بەڕێوەبەری رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان وتی، ئاماری مامەڵەکانی مارەکردن لە 2022ـدا 21 هەزار بووە، لە بەرامبەردا ئامارەکانی جیابوونەوە لە 2022ـدا پێنج هەزار و 533 حاڵەت بووە.
کێشە خێزانییەکان لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە بەراورد بە ساڵی پێشووتر.
“لە ساڵی 2021ـدا چوار هەزار و 108 کێشەی خێزانی چوونەتە دادگای سلێمانی، لە 2022ـدا ئامارەکە بۆ حەوت هەزار و 378 کێشە زیادیکردووە”، بەپێی ئاماری رێکخراوەکە.
لە 2021ـدا 545 کەیس لە دادگای کەتنی توندوتیژی خێزانی زیادیکردووە، بەڵام لە 2022ـدا بۆ 565 کەیس زیادیکردووە.
شۆخان ئەحمەد، سەرۆکی رێکخراوەکە زیاتر وتی، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا رێژەی جیابوونەوە 135٪ زیادیکردووە.