لە 6 مانگدا 16 مامۆستای ئاینی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نزیکەی 16 مامۆستا و کەسایەتیی ئاینی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 16 مامۆستای ئاینی “سوننە” دەستگیرکراون و 12 دۆسیەی سزای دادوەری لە دژیان کراونەتەوە.

بەشێک لەو دەستگیرکراوانە سزای زیاتر لە 54 ساڵ بەندکردن و 294 قامچییان بەسەردا سەپاوە.

زۆربەی ئەو دۆسیانە پەیوەندییان بە پشتیوانی مامۆستایان لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە ھەیە، رێکخراوی هەنگاو وا دەڵێت.

ژمارەی دەستبەسەرکراوان بەپێی شارەکانی کوردستان بەم شێوەیە؛ لە شاری پیرانشار شەش کەس، لە شاری جوانڕۆ پێنج کەس، لە شاری رەبەت دوو کەس، لە سەردەشت، بانە و سنە لە هەر شارێک یەک کەس دەستبەسەرکراوە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ھەموو ئەو کەسانەی وەکو تاوانبارێک دادگایی کراون لە کەمترین مافەکانی بەرگریکردن وەک مافی ھەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراون و تەنانەت مافی بەرگریکردنی رەوا لە خۆیان بە پشتبەستن بە باوەڕەکانی خودی ئەو مامۆستایانە پێیان نەدراوە.