لە کەرکوک.. بارهەڵگرێک دووجار هاوڵاتیەک دەشێلێت و جێیدێڵێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

تەرمی هاوڵاتیەک لە شەقامێکی پشتێنەی کەرکوک دۆزرایەوە کە دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە بارهەڵگرێک لێیداوە و جێی هێشتووە.

رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 19.6.2023 لە شوێنێکی شەقامی پشتێنەی کەرکوک هەولێر سلێمانی روویداوە، بە دیاریکراوی لەنزیک هەفتە بازاری یەک بووە.

ئەحمەد یوسف، برازایەکی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: مامم لە کۆمپانیایەک کار دەکات، نزیک کاتژمێر پێنجی بەیانی بۆ شەش لە ماڵ چووەتە دەرەوە بۆ سەر کارەکەی، بەڵام لەو شەقامە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لێیدەدات.

وتیشی “جاریکی دیکە شۆفێرەکە دەگەڕێتەوە و دەیەوێت رایبگرێت، بەڵام  جارێکی دیکە بەسەری دەکەوێت و دووبارە دەیشلێت و بەهۆیەوە بەشێک لە جەستەی لەگەڵ شەقام و تایەی ئۆتۆمبێلەکە پان دەبێتەوە”.

دوای ئەوە بە قسەی برازایەکەی بێت، شوفێرەکە شوێنەکە جێدەهێڵێت و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهدێت.

تەواوی زانیارییەکانی برازایەکەی وەک خۆی باسی دەکات لە کامێرای چاودێریەوە بینیویەتی.

شەقامی پشتێنەی کەرکوک، دەکەوێتە باکووری شارەکە و هەریەک لە شەقامەکانی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی و بەغدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق