ئومێد خۆشناو: بەنزینەکە باشە فیول پەمپ ناسووتێنێت

 فیتەرەکان پشتگیری قسەکەی دەکەین

964+

توانا نەقی – هەولێر

ساڵێک زیاترە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەنزینی پاڵپشتیکراو بۆ یۆتۆمبێلی تاکسی و تایبەت دابەشدەکات، پارێزگاری هەولێر دەڵێ؛ بەنزینەکە کوالێتی و نرخەکەی باشەو فیول پەمپ ناسووتێنێ، ئەنجومەنی بەنزینخانەکان و فیتەرێکیش پشتگیری قسەکەی دەکەن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە پێنجی کانونی یەکەم، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نرخی بەنزین و کوالێتییەکەی جێگیر و باشە، لە وڵاتانی دراوسێی ئێمە نرخەکەی سێ بەرانبەرە.

زیاتر وتی “بەهۆی باشبوونی کوالێتییەکەی لە ئێستادا سووتانی فیول پەمپی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی کێشە بۆ ئۆتۆمبێلەکان زۆر کەمبووەتەوە لە جاران”.

سیروان عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر لەبارەی نرخ و کوالێتی بەنزین بە 964+ـی وت؛ لە ئێستادا نرخی بەنزین جێگیرە، بەجۆرێک بۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ نۆ سەد و پەنجا دینار و موحەسەن هەزار و سێ سەد دینار.

روونیشیکردەوە؛ لە ئێستادا کوالێتی ئەو بەنزینەی لە بەنزینخانەکاندا هەیە زۆر باشە، جگە لە هەندێک بەنزینخانە کە نەفتا و مادەی تر تێکەڵی بەنزینەکایان دەکەن و کوالێتی خراپ دەکەن.

لەسەر کوالێتی بەنزین وکاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێل مازن محەمەد، کە   فیتەری ئۆتۆمبێلە بە 964+ی ووت؛ جۆری بەنزی نو کوالێتیەکەی ئێستا باشە، زۆر بەکەمی فیول پەمپی ئۆتۆمبێل بەهۆی خراپی بەنزینەوە دەگۆڕین، خراپبوونی فیول پەمپیش سەد لە سەد پەیوەندی بە بەنزینەوە هەیە.

ماوەیەک پێش ئێستا هەموو رۆژێک حەوت بۆ ١٠ فیول پەمپمان دەگۆڕی ئێستا هەفتەی یەک دانە دگۆڕین مازن محەمەد، وا دەڵێت.