ئاگرەکەی شارباژێڕ سەدان دۆنم زەوی سووتاند

964+

توانا نەقی

لە دوێنێ نیوەڕۆوە ئاگرێکی گەورە ناوچەی شارباژێری پارێزگای سلێمانی گرتەوە و تا ئێستاش لە هەندێک شوێن بەردەوامی هەیە .

بەهۆی ئاگرەکەوە سەدان دۆنم زەوی و پووش و پاوان و داری سروشتیی  سنووری 10 گوند سووتاوە.

دانیشتووانی ئەو گوندانە دەڵێن رێژەی سووتانەکە ئەوەندە زۆرە، مەزەندە دەکرێت هەزاران دۆنم بێت نەک سەدان و ئاگرەکە سنووری گوندەکانی بە خێرایی بڕیوە.

دەشڵین، ئەوان کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە بۆ کەمتەرخەمیی خەڵک دەگەڕێننەوە و خۆیان بەشێک لە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام ئاگرەکە بای لەگەڵ بووە و بە خێرایی بڵاوبووەتەوە.

شاهۆ عوسمان قائیمقامی چوارتا بە تۆڕێ 964 راگەیاند، لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە هۆکاری روودانی ئاگرەکە و تا ئێستا نازانرێت ئەو رووبەرەی سوتاوە چەندێکە.
چەند جارێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام سەرهەڵدەداتەوە و تا ئەم ساتە بەردەوامی هەیە.

بەرگریی شارستانی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئاگرەکە زۆر فراوان بووە و لە گوندی کەناروێ لە قەزای چوارتا کەوتووەتەوە، کە رووبەرێکی زۆر لە گوندەکانی ئەو سنوورەی سووتاندووە.

دەشڵێت، بەهۆی ئاگرەکەوە سەدان دۆنم زەوی و پووش و دارستان سووتاون، تا ئێستاش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش نازانرێت.

ئاگرەکەی شارباژێڕ بۆ نزیکەی 14 کاتژمێر بەردەوام بووە و بە پێی زانیارییەکانیش ژمارەیەک مینی کێڵگە مینییەکانی ئەو سنوورەش بەهۆی ئاگرەکەوە تەقیونەتەوە.